دژە تیرۆر ڕفێندراوێكی لە كەركوك ئازادكرد


هێزەكانی دژە تیرۆری یەكێتی ئاشكرایدەكات لە سنوری كەركوك كەسێكیان ئازادكرد كە لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا لەلایەن چەند چەكدارێكەوە فڕێندرابوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ی26ی ئاژانسی پاراستن و زانیاری – زانیاری ڕایگەیاند، ڕۆژی 16ی ئایاری ئەمساڵ چەند چەكدارێكی نەناسراو، لە گوندی ئدریس هەیاسی سەر بە قەزای دوبز، كەسێكیان بەناوی قوسەی عەبدوڵا ئیبراهیم فڕاند و لە بەرامبەر ئازادكردنیدا داوای 450 هەزار دۆلاریان كرد.

ئاماژەی بەوەش كرد، دوای ڕووداوەكە شوێنی فڕێنەرەكان دەستنیشان كرا و لە هەڵمەتێكدا شەوی 23 لەسەر 24ی تەمموز لە دەوروبەری گوندی قوتانی سەر بە قەزای دوبز، فڕێندراوەكە ئازاد كرا.

ئەوەشی وت، هەر لە هەڵمەتەكەدا دووان لە ئەندامانی باندە فڕێنەرەكە‌ دەستگیركراون.

مانگی ڕابردووش، منداڵێكی كچ دوای پێنج ڕۆژ لە فڕاندنی، لەلایەن دژە تیرۆرەوە ئازاد كرا و لە سلێمانی ڕادەستی كەسوكارەكەی كرایەوە كە دانیشتووی كەركوك بوون.

لە بەرامبەر ئازادكردنی كچەكەدا، فڕێنەرەكان داوای بڕی 500 هەزار دۆلاری ئەمریكییان لە خانەوادەكەی كردبوو.



PM:12:38:26/07/2017