پێنج بڕیار لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 27ی تەموزی 2017، بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی، مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبوویەوە و لە ڕاگەیەندراوێکیشدا ئاشکرایانکرد پێنج بڕیاریان دەرکردووە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، ئەو حزبە پێی باشە کە تا ١٠ی ئاب پەرلەمانی کوردستان کارابکرێتەوە.

دەقی بڕیارەکە

یەكەم: وەفدێك پێكهێنرا بەسەرۆكایەتی مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی‌و ئەندامێتی عیماد ئەحمەد، رەفعەت عەبدولڵا، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، عەدنانی حەمەی مینا، فەرید ئەسەسەرد، خالد شوانی بۆ كۆبونەوە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر وەڵامەكەی پارتی بۆ نەخشە رێگاكەی یەكێتی.

دووەم: كۆبونەوە جەختی كردەوە، كە یەكێتی پێی پەسەندە كە بەهەوڵی هەموولایەك ‌و ئامادەكارییەكی سیاسی گونجاو، پەرلەمانی كوردستان تا (10/8/2017) ئاسایی بكرێتەوەو چیكە كات بە فیڕۆ نەدرێ‌.

سێ‌ یەم: جیابوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لەعیراق، بەلای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە جێگای داخە، كۆبونەوە هیوای خواست هەنگاوی چارەسەر بەسەر هەنگاوی قوڵكردنەوەی ناكۆكیەكاندا زاڵبكرێت، یەكێتی بۆ هاوكاری كردنی چارەسەری كێشەكانیان ئامادەیە.

چوارەم: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەباشی دەزانێت كۆبونەوەی هەموو حزبە كوردستانیەكان، كە پێكەوە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆممان داوە ئەنجام بدرێت، بۆ تاووتوێكردنی هەوڵەكانی ریفراندۆم‌و كاردانەوەكان، لەجیهان‌و ناوچەكە‌و ناو كوردستان، بەرامبەر بەڕیفراندۆم.

پێنجەم: شەمەی داهاتوو (2017/7/29) كۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر كۆی ئەو بابەتانەو دوابڕیاردان لەسەریان، دەكرێت.



PM:02:45:27/07/2017