" کاراکردنەوەی پەرلەمان لەم دۆخەی ئێستادا تاوانێکی گەورەیە"

رۆشنبیری دیاری کوردستان، مەریوانی وریا قانع دەڵێت" کاراکردنەوەی پەرلەمان، لە ھەلومەرج و دۆخی ئەمڕۆیدا و بەبێ لێپرسینەوە لەوانەی دایانخست، بەشێکە لە پرۆسەی بێنرخکردنێکی تەواو و ھەمەلایەنی ئەم دەزگایە، ھەر ھێزێک لەم کاراکردنەوە کاریکاتێریەدا بەشداربێت، بەشدارە لە تاوانی گەورەی بێنرخکردنی زیاتر و زیاتری ئەم دەزگایەدا".

د. مەریوانی وریا قانع لە نووسینێک بەناونیشانی " پەرلەمان لە پەراوێزەوە بەرەو وێرانبوونی تەواوەتی"  لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەنووسێت "لە پازدە ساڵی ڕابردوودا چەندان جار باسی ئەوەم کردوە کە پەرلەمان دەزگایەکی پەراوێزیی و لاوازیی ناو کایەی سیاسیی کوردستانە، پەرلەمان تیپی پلە چواری سیاسەتکردنە لە دونیای ئێمەدا. بەڵام ھاوکات لە زیاد لە نووسینێکدا باسی ئەوەشم کرد کە ئەم دەسەڵاتدارێتییە سوڵتانییەی کوردستان بەڕادەیەک انایاسیی و ناقۆڵا و وێران و نابەرپرسیارە تەنانەت گیریشی بەدەست ئەو پەراوێزەوە خوارد کە خۆی لە ساتەوەختێکدا بە مەبەستی بەخشینی دیکۆرێکی دیموکراسیی بە ئەزموونە سوڵتانیەکە دروستیکردبوو. داخستنی پەرلەمان لوتکەی گیرخواردنی نوخبە سیاسییە سوڵتانییە باڵادەستەکەی کوردستان بوو بەدەست ئەو پەراوێزەوە کە خۆیان ڕۆژگارێک وەک دیکۆرێکی سیاسیی، دروستیان کردبوو".

هەروەها ئەو رۆشنبیرە دەڵێت " تاکتیکی کاراکردنەوەی پەرلەمان لە چەند ڕۆژی داھاتوودا، نەک دەسکەوتێکی سیاسیی بچووکیش نییە، بەڵکو زیندووکردنەوەی پەراوێزێکە بۆئەوەی جارێکی تر و لەھەلومەرجێکی تردا بە فیکەی نوخبە سوڵتانییەکە بکەوێتەوە سەما و ئەو ڕۆڵە دیکۆرییە بە ئەبەدی بکات، کە پێشوەخت بۆی دانرابوو. ئەم کاراکردنەوەیە پلانێکی تازەیە بۆ ئەوەی پەرلەمان لەناو پەراوێزبوونی خۆیدا بخنکێت و ئەوەی سوڵتانە سیاسییەکان دەیانەوێت بە دە پەنجە بۆیان ئیمزا بکات. نوخبە سیاسییە سوڵتانییەکەی ئەمڕۆ بەڕادەیەک گەندەڵ و وێران و خراپەکارە، تەحەمولی بوونی تاقە یەک دەزگای سیاسیی و یاسایی ناکات، چ جای پەرلەمانێک وزەی ئەوەی تێدابێت بەسەر پەراوێزبوونی خۆیدا یاخیی ببێت".



PM:11:34:04/08/2017