پارتی لە بەغدا پۆستێکی تر وەردەگرێت

سەرباری ئەوە پارتی لە سەرجەم حیزبەکان سوورترە لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان، کەچی دوێنێ پۆستێکی لە پەرلەمانی عێراق پڕکردەوە کە پێشتر هی یەکێتی بووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە لە نوێترین هەوڵەکانی پارتی بۆ مانەوەی لە پۆستەکانی پەرلەمان و حکومەتی عێراق لە بەغدا، پارتی پۆستی سکترێری ئەنجومەنی پەرلەمانی پڕ کردەوە کە پێشتر پشکی یەکێتی بووە.

پارتی لە جێگای ئایاد حاجی نامق کە سکرتێری ئەنجومەنی پەرلەمانە، سەرەتا یەکێتی بوو دواتر بوو بە پارتی، سەلاح زەنگنەی دانا کە ئەویش کادیرێکی پێشکەوتووی پارتییە.

ماوەیەکی زۆر ئەو پۆستە جێگای مشتومڕ بوو لە نێوان پارتی و یەکێتی، بەرپرسانی یەکێتی جەختیان دەکردەوە کە ئەو پۆستە پشکی ئەوانە، بەلآم لە چەند رۆژی رابردوو بە رەزامەندی بەرپرسانی یەکێتی ئەو پۆستە درابە پارتی و ئەوانیش، سەلاح زەنگەنەیان دانا.

ئەمە لەکاتێکدایە کە رۆژی ٧ حوزەیران بارزانی و لیژنەی بالآی ریفراندۆم بڕیاریان دا کە ٢٩ ی ئەیلول ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجام بدرێت. 



AM:09:42:08/08/2017