وەزارەتی
تەندروستی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا پێویستە لەمەودا نەخۆشانی تووشبووی ڤایرۆسی
جگەر و ڤایرۆسی HIV تووشبووی ئایدز، هاوشێوەی نەخۆشانی ئاسایی
چارەسەر بکرێن.
د. رێکەوت حەمەرەشید، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان بە
ڕووداوی وتووە دەبێت لەکاتی پێویستدا نەخۆشانی تووشبووی ئایدز و ڤایرۆسی جگەر
هاوشێوەی نەخۆشانی دیکە کاریان بۆ بکرێت و جەختدەکاتەوە نابێت بەهیچ بیانوویەک
چارەسەرەکەیان دوابخرێت.
ماڵپەڕی ڕووداو رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە
شێوازی چارەسەرکردنی نەخۆشانی تووشبووی ڤایرۆسی جگەر و ئایدز بڵاوکردووەتەوە کە
بەم شێوەیەیە
١- پێویستە کەمترین کارمەند لە ژووری نەشتەرگەرییەکە
کاربکەن و کەمترین ئامێری پزیشكی بەکاربهێندرێن، هاوکات ئەوانەی کە
بەکاردەهێندرێن، دەبێت ئەوانەبن کە دوای بەکارهێنان فڕێدەدرێن.
٢- پێویستە ئەو کارمەندانەی زانیارییان کەمە لە
بەکارهێنانی رێنماییەکانی خۆپاراستن و کارکرن لەو حاڵەتانە، خولی تایبەتیان بۆ
بکرێت.
٣- پێویستە ئامێرە نووکتیژەکانی وەک شفرە و دەرزی لە
ئاستێکی زۆر بەرزی رێنماییەکان بەکاربهێندرێن و نابێت دەستاودەستکردنی زۆر رووبدات
تاوەکو کەمترین بەرکەوتن رووبدات.
٤- هەموو ئەو ئامێر و پاشەڕۆ پزیشکییانەی کە لە
نەشتەرگەرییەکەدا بەکارهاتوون دەبێت لە سەتڵی تایبەتی پاشەڕۆی پزیشكییەکاندا لە
کیسی رەنگ زەرددان دابندرێن.
٥- پێویستە بۆکسی پاراستن (Safety box) دوای تەواوبوونی نەشتەرگەری دابخرێت و بنێردێت بۆ
شوێنی تایبەتی سووتاندنی پاشەڕۆ پزیشکییەکان.
٦- ئەو پێداویستییانەی دەتواندێت بخرێنە نێو
ئۆتۆکلەیڤ (autoclave) کە بۆ پاککردنەوە بە گەرمکردن بەکاردێت،
دەتواندرێت دووبارە بەکاربهێندرێنەوە و پێویست ناکات ببردرێنە شوێنی تایبەتی
سووتاندنی پاشەڕۆ پزیشکییەکان.
٧- پێویستە هەموو کەلوپەلەکانی کە بۆ یەکجار
بەکارهێنان نین، بۆ سەنتەری تایبەت بە خاوێنکردنەوەی پزیشكی بنێردرێن و
نیشانەکراوبن بە مەترسیدار.
٨- پێویستە هەموو پارچە قوماش، سەدریە و چەرچەفەکان
بشۆردرێن و نیشانەکراوبن کە پیسبوون بە میکرۆب.
٩- پێویستە ئامێری مژینی یەکجار بەکارهێندراو
بەکاربێت و ئەگەر نەبوو دواتر لە ئۆتۆکلەیڤ خاوێنبکرێتەوە.
١٠- دەبێت ئەو نموونانەی لە نەخۆش وەردەگیرێن،
کەمترین بەرکەوتنیان هەبێت بۆ دەست، لەکاتی وەرگرتن و پشکنینیان دەبێت لە قوتووی
داخراو هەڵبگیرێن و دواتر بنێردرێن بۆ شوێنی سووتاندن.
١١- هەموو رووەکانی زەوی و دیواری ژووری نەشتەرگەری
دوای نەشتەرگەرییەکە دەبێت بە ئاو و سابوون لەسەرووی ئاستی دەستەکان بشۆردرێنەوە.
١٢- هەموو ئەو بەشانەی کە بەرکەوتوون بە خوێن و
شلەکانی دیکەی لەشی نەخۆشەکە دەبێت پاکبکرێنەوە و ئەو ئامێرانەی بۆ پاککردنەوە بە
گەرمکردن ناشێن، دەبێت بە پرۆسەی پاککردنەوە بە ساردی بنێردێن و لەکاتی گواستنەوە
و هەڵگرتنیان دەبێت بە وریایی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ.
١٣- پێویستە ئامێری سڕکردن و هەموو ئەوانەی
پەیوەندیان بە کۆئەندامی هەناسەی نەخۆشەوە هەیە، بە شێوازی تایبەت پاکبکرێنەوە.