پەخشی ناوخۆیی کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە سلێمانیش ڕاگیرا


 

دوای ئەوەی لە هەولێر پەخشى ناوخۆیى کەناڵى ئێن ئاڕ تى راگیرا، بەخشی کەناڵەکە لە سلێمانی و دەوروبەریشی ڕاگیرا.

کەمێک لەمەوبەر و دوای ڕاگرتنی پەخشی کەناڵی ئێن ئاڕتی لە هەولێر پەخشی کەناڵەکە لە سلێمایش ڕاگیرا.

بیانوى راگرتنى پەخشى ناوخۆى ئێن ئاڕ تى ئەوەیە، کە گوایە کەناڵەکە ریکلامى جوڵانەوەى نەخێر لە ئێستادا بۆ ریفراندۆم بڵاوکردوەتەوە، بەڵام بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەو کەناڵە ئێن ئاڕ تى پێش بڵاوکردنەوەى ریکلامى نەخێر لە ئێستادا، ریکلامى بەڵێى بۆ ریفراندم بڵاوکردوەتەوە، ئێستاش بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەى ریکلامى بەڵێ بۆ ریفراندۆم.

بەگوێرەى ئەو نووسراوەى کە بڵاوکراوەتەوە، بەپێى فەرمانى ژمارە ٦١٩ و لە بەرواری ٢٨/٨/٢٠١٤ بەڕێوەبەرایەتیى ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەى هەولێر، بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە و وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوان و هەروەها بەپێى ڕێنمایى ژمارە ١ى ساڵى ٢٠١٤ى ڕێکخستنى فریکوێنسى سپەیسى هەرێمى کوردستان و ماددەى پێنجەم / خاڵی دووەم/ سەرپێچى ژمارە (أ) لە ماددەى سێیەم بڕگەى دووەم / خاڵەکانى ١،٢،٣،٤،٥،٦ هاتووە، بڕیار درا بە ڕاگرتنى پەخشى کەناڵی (NRT) لەسەر تۆڕى (DVBT/T2) بۆ ماوەى یەک هەفتە.

بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیى ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە هەولێر پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پەخشی ناوخۆیی کەناڵى ئێن ئاڕ تیى ڕاگیرا و کەناڵەکە بڵاویکردەوە کە ئەو کارە بە بڕیاری خودی بارزانی و پارتی بووە.


 



PM:09:01:28/08/2017