ئاڵا تاڵەبانی: با نەجمەدین کەریم خۆی پاک بکاتەوە لە تۆمەتی گەندەڵی

ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ڕایگەیاند، پێویستە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری لابردنەکەی نەجمەدین کەریم بکەین و وتیشی " با نەجمەدین کەریم خۆی پاک بکاتەوە لەو تۆمەتی گەندەڵیانەی کە دراوەتە پاڵی".

ئاڵا تاڵەبانی، لە ڕاگەیەندراوێکدا لەسەر بڕیاری لابردنی نەجمەدین کەریم لە پۆستی پارێزگاری کەرکوک دەڵێت "مافی خۆیەتی جەنابی پارێزگار تانە لە بڕیارەکە بدات لە دادگا و داوای روونکردنەوە لە لیژنەی یاسایی پەرلەمان بکات و کۆنگرەی رۆژنامەنوسی بکات، بەڵام باشتر وایە پێشتر گەردنی خۆی پاک بکاتەوە لە بەردەم خوا و خەڵکی کەرکوک و دەنگدەرانی ، بە تایبەت یەکێتی ، لەو هەموو تۆمەتی گەندەڵیەی نراوەتە پاڵی".

ئاماژەی بەوەشکردووە "وەک پەرلەمانتارێک و ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لە کەرکوک پاراستنی بەرژەوەندی خەڵکی شارەکە و خزمەتکردنیان و پاراستنی پێکەوە ژیان و رێزگرتن لە مافی پێکهاتەکانی كه ركوك زۆر گرنگە لام و پیرۆزترە لە هەر ناوێک و کەسێک".

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا وتویەتی "کەرکوک و یەکێتی کەسی زۆر جوامێر و دەستپاک و لێهاتووی تیایە کە شایستەی ئەو پۆستە و ئیدارەی بەرژەوندی شارەکە بێت لەسەر رێبازی جەنابی مام جلال".

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئامادەبوونی کۆبوونەوەکە کە ١٧٣ پەرلەمانتار بوون دەنگیدا بە لابردنی نەجمەدین کەریم لە پۆستی پارێزگاری کەرکوک، دوای ئەوەی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە دانیشتنەکە چوونەتە دەرەوە.



PM:09:54:14/09/2017