یەکێتیی لەسەر بەرهەم ساڵح هەڵوێستی خۆی راگەیاند

پاش ئەوەی لیستەکەی بەرهەم ساڵح دووەم جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بە فەرمی تۆمار كرا، وتەبێژی یەكێتی لەمبارەیەوە لێدوان دەدات.


سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لەمبارەیەوە ڕاگەیاند، "كاك بەرهەم كەسایەتیەكی سیاسییە و بڕیاری داوە بۆخۆی لیستێكی سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنەكان دیاری بكات، زیاتر گوتی، ئەوكاتەی كۆمسیۆن بە فەرمی وەڵامی دایەوە ئەوكات ئەویش واژووی دەكات و لە ناو یەكێتی كاری نامێنێ".


ناوبراو بە "وشە"ی وتوە: دوای ڕاگەیاندنی لیستەكەی، كاك بەرهەم ناتوانێ لە دوو لایەنی سیاسی جیاواز كاری خۆی بكات و پێویست ناكات یەكێتی لەسەر ئەو بابەتە قسە بكات، چونكە ئەو خۆی خۆی لە ناو یەكێتی دەردەكات و دوای ئەوەش تەنیا وەك دۆستێك پێوەندیان دەبێت.


دوێنێ شەممە بە فەرمی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان، لیستەكەی بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستانی تۆمار كرد وەك قەوارەیەكی سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو.



AM:10:11:17/09/2017