حكومەتی هەرێم داوا دەكات بەغدا بودجە پەسەند نەكات

حكومەتی هەرێمی كوردستان جارێكی تر داوا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەكات كە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠١٨ پەسەند نەكەن و ڕایدەگەیەنێت " ڕەشنوسی پڕۆژەیاساكە تاكلایەنە لەلایەن وەزارەتی داراییی عێراقی فیدراڵەوە ئامادە كراوە".

ئەمڕۆ یەكشەممە، 5ی تشرینی دووەم لە ڕاگەیەندراوێكدا حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند "ڕەشنوسی پڕۆژەیاساكە تاكلایەنە لەلایەن وەزارەتی داراییی عێراقی فیدراڵەوە ئامادە كراوە بەبێ ‌بەشداریپێكردنی هەرێمی كوردستان بە پێچەوانەی یاسای فیدراڵیی بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە ٩٥ی ساڵی ٢٠١٤ و ماددەكانی ١٠٥ ـ ١٠٦ و ١٢١ی دەستوور كە بەشداریكردنی دادپەروەرانەی هەرێمی كوردستان گەرەنتی كردووە لە دامەزراوەكانی فیدراڵدا‌."

حكومەتی هەرێم ئاماژە بۆ ئەوەكراوە "ئەو ڕەشنووسە بەبێ بەشداریپێكردنی هەرێمی كوردستان و بەبێ ڕەچاوكردنی دەستوور و یاسا فیدراڵییەكان ئامادە كراوە، بەتایبەتیش كە لە ڕەشنووسەكەدا قەوارەی دەستووری و یاساییی هەرێمی كوردستان فەرامۆش كراوە و تازە به ‌تازە (هەرێمی كوردستان - عێراق) بە (پارێزگاكانی باكووری عێراق) لە ڕەشنووسی یاساكە ناودەبەن و ناوی (حكوومەتی هەرێمی كوردستان)یش بە (حكوومەتی پارێزگاكان) و ناوی (وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان)یش بە (وەزارەتی دارایی پارێزگاكان) هاتووە، سەرەڕای ناوهێنانی (دیوانی چاودێریی هەرێمی كوردستان) بە (دیوانی چاودێریی پارێزگاكان) كە ئەمانە هەمووی سەرپێچیی جەوهەرین لە دەستووری عێراق".

 لە ڕاگەیەندراوەكەی هەرێمدا هاتووە "پێویستە لەسەر حكوومەتی فیدراڵ پشكێكی دادپەروەرانە لە داهاتە فیدراڵییەكان بۆ هەرێمی كوردستان تەرخان بكات بە ڕەچاوكردنی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم و لەبەر ئەوەی تا ئێستا لە عێراق سەرژمێریی دانیشتوان نەكراوە، بە ڕێككەوتنی هەردوولا ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم بە ١٧%ی دانیشتوانی عێراق دیاری كراوە".

ئاماژە بەوەشكراوە "كە بۆ ساڵی ٢٠١٨ بڕی (٤٣) تریلیۆن و (١١٠) ملیار دینار تەنها بۆ خەرجییەكانی سیادی تەرخان كراوە، كە دەكاتە ڕێژەی (٣٩%)ی بودجەی گشتیی عێراق و لە دوای داشكاندنی خەرجییەكانی سیادی بەشە بودجەی هەرێم دەبێتە نزیكەی (٦ %)، بۆیە كەمكردنەوەی پشكی هەرێمی كوردستان هیچ بنەمایەكی دەستووری نییە و لە دەرەوەی ئەو ڕێككەوتنە هاوبەشەدا ئەنجام دراوە".

حكومەتی هەرێم ڕاشیگەیاندووە، مامەڵەكردن لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان وەك پارێزگا نەك وەك هەرێم كە تەنها مەبەست لێی هەڵوەشاندنەوەی نادەستووریی قەوارەی هەرێمی كوردستانە كە لە ڕووی پراكتیكەوە هیچ سوودێك بە هاووڵاتییانی هەرێم ناگەیەنێت.

هەروەها دەڵێت "سەرەڕای ئەو سەرپێچییە دەستوورییانەی سەرەوە، لەگەڵ دووپاتكردنەوەی پێشوازیكردنی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە دەستپێشخەریی بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی فیدراڵ بۆ دابینكردنی مووچەی هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت لە خشتەی (ج)ی هاوپێچی ڕەشنووسی یاساكە تایبەت بە دەستنیشانكردنی هێزی كاری كەرتی گشتی، ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی ساڵی ٢٠١٧ بە (٦٨٢) هەزار و (٢١) مووچەخۆر دەستنیشان كراوە و بڕی تەنها (٢٠٦) ملیار دیناریان مانگانە بۆ تەرخان كراوە و تەنها بڕی (١٢٨) ملیار دیناریش مانگانە بۆ تەرخانكراوی چاودێریی كۆمەڵایەتی تەرخان كراوە كە (خانەنشینان، كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان، كەمئەندامان، سوودمەندانی چاودێریی كۆمەڵایەتی) دەگرێتەوە، كە كۆی گشتیی مانگانە دەكاتە (٣٣٤) ملیار دینار، لە كاتێكدا لە هەرێمی كوردستاندا (١) ملیۆن و (٢٤٩) هەزار و (٤٨١) مووچەخۆر هەیە و بڕی پارەی پێویستیش بۆ یەك مانگی مووچەكانیان دەكاتە (٨٩٧) ملیار و (٥٠٠) ملیۆن دینار".  

لەكۆتای ڕاگەیەندراوكەشدا هەرێم ڕایگەیاندووە "داوا لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ دەكەین بواری دانوستان بڕەخسێنێت لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی داڕشتنەوەی ڕەشنووسی یاسای بودجەی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و هەڵگرتنی هەموو ئەو سەرپێچییە دەستوورییانەی لە ڕەشنووسەكەدا هەن و دژ بە بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان و بنەمای شەراكەت و پێكەوە ژیانن لە عێراقدا و دابینكردنی پشكی دادپەروەرانەی هەرێمی كوردستان، چونكە كەمكردنەوەی پشكی هەرێمی كوردستان بەم ڕێژە گەورەیە سزادانی بەكۆمەڵی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانە".

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٨ بدات كە تیایدا بەشی هەرێم كوردستان بۆ كەمتر لە ١٣% كەمكراوەتەوە.



PM:01:23:05/11/2017