بارزانی: بە پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریکادا دەچینەوە

مەسعود بارزانی بە ڕادیۆیەکی ئەمریکی دەڵێت "پەشیمان نیم لە ڕیفراندۆم"  و هەروەها دەڵێت ئەمریکا دژی هەرێمی کوردستان بوو وە "ئێمەش لەمەودوا بە پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریکادا دەچینەوە"


لەیەکەم دیداریدا دوای وازهێنانی لەپۆستەکەی مەسعود بارزانی ، سەبارەت بە چاوەڕوانییەکانیان بۆ پەرچەکردارەکانی بەغدا دوای ڕاپرسی دەڵێت ، "چاوەڕوانی داخستنی سنوور و گەمارۆی ئابووریمان دەکرد، بەڵام هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەمان نەکردووە کە هێرشی سەربازیی بکرێتە سەرمان".

جان عەڕاف، پەیامنێری رادیۆی ئێن پی ئاڕی ئەمریکی بەشێکی دیدارەکەی لە توویتەری خۆی بڵاوکردووەتەوە و بڕیارە ئەمڕۆ تەواوی دیدارەکە بڵاوبکرێتەوە.

لەبارەی داهاتووی پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵ ئەمریکا و هەڵوێستی رووسیا دوای ڕاپرسی ، بارزانی رایگەیاندووە، "پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا دەکەین ، چونکە پشتگیری عێراقیان کرد لە دژی هەرێمی کوردستان".

هەروەها رۆڵی رووسیای لەبارەی ڕاپرسی بە "ئیجابی" وەسفکردوە.



PM:06:38:06/11/2017