وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی جموجۆڵی حەشدی شەعبیەوە هاوپەیمانان ئاگادار دەكاتەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە بەرپرسانی پێشمەرگە، لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان بۆ شەڕی دژی داعش كۆتای هات و وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت "جموجۆڵە سەربازییەكانیان زیاتر كردووە".


ئەمڕۆ دووشەممە 6ی تشرینی دووەم،  وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەنراوێكی بڵاوکردەوە تیایدا هاتووە "وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت بە هاوپەیمانانی ڕاگەیاندووە، دانوستان لە نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی بەردەوامی هەیە و لە دوایین كۆبوونەوەشدا چەند پێشنیازێك دراوەتە حەشدی شەعبی، بەڵام وەڵامیان نەداوەتەوە و لە بەرامبەردا جموجۆڵە سەربازییەكانیان زیاتر كردووە"

لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، پێشتر بەپێی ڕێككەوتنێك دەبوو حەشدی شەعبی لەو ناوچانە بكشێنەوە كە بۆی هاتوون و تەنیا سوپای عێراق بمێنێتەوە، بەڵام ئەو خاڵە جێبەجێ‌ نەكراوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەكە، لەو كۆبوونەوەیەدا داوا لە هاوپەیمانان كراوە هەوڵەكانی خۆیان زیاتر چڕ بكەنەوە بۆ ئەوەی ڕێككەوتن لە نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی بكەوێتە بواری جێبەجێكردن كردن.



PM:07:42:06/11/2017