لقی هەولێری یەكێتی پیاوانی كوردستان ئاماری توندوتیژیەكانی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، لەساڵی ٢٠١٧دا ٧٤ حاڵەتی كوشتن و خۆكوشتن و خۆخنكاندن و سوتانی پیاوان هەبووە.
ئەمڕۆ یەكشەممە لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا ئەژی ئیبراهیم، سكرتێری یەكێتی پیاوانی كوردستان_لقی هەولێر، ڕایگەیاند لە ئەمساڵدا ٦١٤ كەیسی سكاڵای توندوتیژی دژی پیاوان تۆماركراوە، لەكاتێكدا لە ساڵی ٢٠١٦دا ٥٨٣ سكاڵا بووە و لە ساڵی ٢٠١٥دا ٥٢٦ كەیسی سكاڵای توندوتیژی هەبووە.
هەر بەپێی ئامارەكەی یەكێتی پیاوان، لە ئەمساڵدا پێنج پیاو لەلایەن ژنانەوە و بەیارمەتی كەسانی تر كوژراون، لە ساڵی ٢٠١٦دا ٨ حاڵەت هەبووە و لە ساڵی ٢٠١٥دا شەش حاڵەت كوشتنی پیاوان هەبووە لەلایەن ژنانەوە بە یارمەتی كەسانی تر هەبووە.
ئامارەكە ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات لە ئەمساڵدا ٧٤ حاڵەتی كوشتن و خۆكوشتن و خۆخنكاندن و سوتان هەبووە، لە ساڵی ٢٠١٦دا ٧٠ حاڵەت هەبووە و لە ساڵی ٢٠١٥دا ٦٩ حاڵەتی كوشتن و خۆكوشتن و خۆخنكاندن هەبووە.