لەبارەی ناردنی موچەوە حكومەتی‌ هەرێم ڕونكردنەوە دەدات

حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ناردنی موچە لەلایەن بەغدا و دابەشكردنی ڕاستەوخۆ بەسەر وەزارەتەكان هاتە دەنگ و وتەبێژی‌ حكومەتی‌ هەرێمیش دەڵێت "ناردنی موچە خێرو سەدەقە نییە بەهەرێمی كوردستان".

سەفین دزەیی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم لەدیدارێكدا لەگەڵ دەنگی‌ ئەمریكا ڕایگەیاندوە، "ئێستا باس لەناردنی موچە ناكرێت، بەڵكو ئەوەی هەیە پێكهێنانی لیژنەیەكە لەبەغداوە بەمەبەستی پێداچونەوەی میلاكی وەزارەتەكان، بۆ ئەو مەبەستەش داوای نوێنەری وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەیان لەهەرێم كردوە".

ئەوەشی خستۆتەڕوو "نوسراوی فەرمی حكومەتی عیراق لەو ڕوەوە ئاراستەی حكومەتی هەرێم كراوە، حكومەتی هەرێمیش ڕەزامەندی نواندوە لەسەر ناردنی بەڕێوەبەری پلاندانان لەهەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە"، داواش دەكات "بەغدا موچەی ئەو وەزارەتانە بنێرێت، ناردنی موچەش واتای سەدەقەكردن نییە بەهەرێم، ئەوە لەو شایستە داراییانەیە كەمافی هەرێمە".

وتەبێژی‌ حكومەتی‌ هەرێم ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە دوو موچە و سێ موچە لەلیستی موچەخۆرانی هەرێم هەیەو بەیاسا ڕێكخراوە تەنانەت لەخودی عیراقیش ئەوە بەیاسا ڕێكخراوە و دەڵێت "بۆ نمونە كەمئەندام و زیندانی سیاسی كە مینحەیەكیان هەیە، بەڵام دواجار كە بەیاسا ئەو مینحەیەی پێدرابێت ئەوە ڕەوایە، لەگەڵ ئەوەشدا حكومەتی هەرێم پڕۆژەیەكی چاكسازی ئامادەكردوە بۆ پێداچونەوە بەو مینحانەدا".

سەبارەت بەدابەشكردنی موچەی فەرمانبەران ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغداوە بەسەر وەزارەتەكانی‌ حكومەتی‌ هەرێمدا دزەیی وتی‌ "هەمیشە هەوڵمانداوە مامەڵەی بەغدا لەگەڵ حكومەتی هەرێم ڕاستەوخۆ بێت، هەروەك چۆن بەندی دەستوری ئەوەی بۆ دیاریكردوە كە قەوارەیەكی یاسایی و دەستوریە".

ئەوەشی‌ وت "ئەگەر كاریش هاتەسەر ئەوەی بەغدا وتی من موچە دەدەمە فەرمانبەران ڕاستەوخۆ، پێمانوایە ئەوە گەمەیەكە و نابێت بەهەست و قوتی خەڵكەوە بكرێت، هەروەك چۆن پێشتر لەڕێگەی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمەوە بەشە بودجە دەنێردرا، ئاواش ئەمجارە دەبێت بەوجۆرە بێت، بەڵام ئەگەر هەر هاتەسەر ئەو مەرجە، ئەوە ئەوكات هەوڵی چارەسەركردنی بەڕێگەی گفتوگۆ دەدەین".



AM:10:42:03/01/2018