بەغدا داوای گۆڕانكاری لە لیستی موچەی فەرمانبەران دەكات

نوێنەری شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ وردبینیكردن لە لیستی فەرمانبەران، ئاشكرایدەكات، لە دوێنێوە لیژنەی وردبینكردنی حكومەتی ناوەندی داوای گۆڕانكاری لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەیان كردووە.

ڤیان جاف، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی تەندروستی و ئەندامی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا، بە ماڵپەڕی "دواڕۆژ"ی ڕاگەیاندووە "دوێنێ 7ی كانونی دووەم لە لایەن لە بەغداوە لیژنەی باڵای وردبینیكردن لە لیستی فەرمانبەرانی وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە ئاگاداركراونەتەوە كە هەندێ ناونیشانی وەزیفی ھەیە بە كوردی نووسراوە، پێویستە بكرێنە سەر زمانی عەرەبی، بە بیانوی ئەوەی ئەوان زمانی كوردی نازانن.

ناوبراو، ئاشكراشیكرد لە دوێنێوە فەرمانبەرانی هەردوو وەزارەت تاوەكو درەنگانی شەو دەستیان كردووە، بە دەستكاریكردنی ناونیشانەكان، تاوەكو ئێستاش تەنیا چەند ناونیشانێك ماون، لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا سەرلەنوێ لیستەكە ڕەوانەی بەغدا دەكەنەوە.

وتیشی "لیژنەی وردبینی لە بەغداوە داوایان كردووە بەخێرایی لیستەكە دەستكاریی بكرێت و بۆ بەغدا ڕەوانە بكرێتەوە، ئەمەش پەرۆشی بەغدا بۆ وردبینیكردن لە لیستەكە دەخاتەڕوو، بە وتەی خۆیان سەرۆك وەزیران داوای كردووە بە پەلە كارەكان تەواوبكرێن.

بەپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ژمارەی فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە، بریتییە لە 171 هەزار و 750 مامۆستا و فەرمانبەر كە كۆی مووچە و دەرماڵەیان بەبێ پاشەكەوت بۆ مانگی كانونی دووەمی 2018 دەكاتە (151,600) ملیار دینار، ژمارەی مووچەخۆرانی وەزارەتی تەندروستیش 49 هەزار و 950 فەرمانبەرە كە كۆی مووچە و دەرماڵەیان بەبێ پاشەكەوت بۆ مانگی كانونی دووەمی 2018 دەكاتە (49,750) ملیار دینار.
                            



PM:03:01:08/01/2018