دادگای فیدڕالی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنەوە بڕیاریدا

دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا بە نادروستبوونی هەوڵەكانی دواخستنی هەڵبژاردن و حكومەتی پابەندكرد بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیدا .

ئەمڕۆ یەك شەممە لە بەیاننامەیەكدا ئیاس ساموك، وتەبێژی دادگای باڵای فیدراڵی بڵاویكردەوە، دادگا بە گوێرەی حوكمەكانی مادە ٥٦ی بڕگەی دوو لە دەستور و لەسەر داوای پەرلەمانی عێراق كە ڕۆژی ٢١/١/٢٠١٨ پێشكەشی كردووە، بڕیاری پابەندبوونەكەی دەركردووە.

لە بڕیارەكەی دادگای فیدرالیدا هاتووە"دادگای فیدراڵی پەرلەمان پابەند دەكات بەو وادە دیاریكراوەی كە بۆ هەڵبژاردنەكان دەستنیشانكراوە، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانێكی نوێ و دروست نیە وادەكەی بگۆڕدرێت".

پەرلەمانی عێراق ڕۆژی ١٨ی كانوونی دووەم شكستی هێنا لە دەركردنی بڕیارێك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێ، كە پێشتر حكومەت ڕۆژی ١٢ ئایاری ٢٠١٨ی دیاریكردووە بۆ ئەنجامدانی، بەو هۆیەشەوە پەرلەمان داوایەكی ئاراستەی دادگای باڵای فیدراڵی كرد بۆ سەیریكردنی ئەوەی كە ئایا بە گوێرەی دەستور دەتوانرێت هەڵبژاردنەكان دوابخرێت.




PM:01:31:21/01/2018