چەند منداڵێك لە خنكان ڕزگاركران

پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند ‌سێ‌ منداڵیان‌ لە پردی گەڕەكی گازینۆی قەزای كەلار لە خنكان رزگاركردووە.

لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی‌ بۆ "سپی میدیا" نێردراوە پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند كە "بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانەی شەوی رابردوو ئاوێكی زۆر لە دەرەوەی شارەوە بەچەم و دۆڵەكاندا دێنە نێو شارەوە و بە پردەكاندا دەڕژێنە رووباری سیروانەوە لەوانە پردی گەڕەكی گازینۆی قەزای كەلار".

پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە "نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگاداركراینەوە كە سێ منداڵ لەناوەڕاستی ئاوەكە گیریان خواردووە و تادێت ئاوی ئەو پردە ڕوو لە زیاد بوونە و ئەو سێ منداڵە ژیانیان لە مەترسیدایە".

ئاماژەشی‌ بەوەدا كە "دەستبەجێ مەفرەزەی 104 گەشتنە شوێنی ناوبراو لەگەڵ كارمەندانی شارەوانی و تیمەكانی ژێر ئاو توانیاین ئەو سێ منداڵە ڕزگاربكەن".

داواش لە هاوڵاتیان دەكات كە دووربن لەو جێگایانەی كە لافاوی پێدا دەڕوات تاوەكو هیچ لایەكمان زیانی گیانیمان پێ نەگات.



PM:02:30:18/02/2018