هێزی ئەمنی لە دەوروبەری نەخۆشخانە بڵاوەی پێكرا

خۆپیشاندان لە پارێزگای سلێمانی هەڵەبجە و قەزا و ناحیەكانی دەوروبەری بەردەوامە و  هێزێكی ئەمنی زۆریش لە نێو نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی  و دەوروبەری بڵاوەیان پێكراوە.

پاش كۆبوونەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی داوای لە پزیشكان و كارمەندان كرد بایكۆتی دەوام بشكێن و نەیان شكاند، لەئێستادا هێزێكی زۆری ئەمنی لە نێو نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی و دەوروبەری بڵاوەیان پێكراوە.

لەئێستادا و دوای بڵاوەپێكردنی ئەو هێزە ئەمنیە زۆرە زۆرینەی بەشەكانی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی داخراون.

مامۆستایان و فەرمانبەران و لەنێویشیاندا پزیشك و كارمەندانی تەندروستی نەخۆشخانەكان لە سلێمانی و چەند ناوچەیەكی دیكەی هەرێم دەستیان بە بایكۆت و خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی كردووە و داوا دەكەن سیستمی پاشەكەوتی موچە لابرێت، ئەگەرچی حكومەت بەشێكی ئەو پاشەكەوتەی لابرد بەڵام خۆپیشاندەران داوای لابردنی تەواوەتی پاشەكەوتی موچە دەكەن.



AM:11:27:02/04/2018