"تویتە تازەکەی ترەمپ تەپڵی جەنگێکی گەورە"

مەریوان وریا  قانع، نوسەر و ڕوناکبیر لەسەر دوایین تویتی دۆناڵد ترەمپ دەنوسێت و دەڵێت "شێوازی قسەکردن و نووسینی ئەم سەرۆکە لە نزمترین و بێفەڕترین شێوەدایە".

مەریوان لە نوسینێکدا بە ناونیشانی "تویتە تازەکەی دۆناڵد ترەمپ تەپڵی جەنگێکی گەورە" دەڵێت "ئەم جەنگە ئەگەر پەرەبسێنێت و چوارپێەیەکی وەک ئەم دۆناڵد ترەمپە بەڕێوەیببات دەریایەک خوێنی گەورە، ھێجگار ھێجگار گەورە، لە ناوچکەدا دروسدەکات".

دەقی نوسینەکەی مەریوان وریا قانع

تویتە تازەکەی دۆناڵد ترەمپ، تەپڵی جەنگێکی گەورە

ترەمپ دەنووسێت:
"ڕوسیا بەڵێنی داوە ھەموو ئەو ڕۆکێتانە بخاتەخوارەوە کە بە سوریاوە دەنرێن. خۆت ئامادەکە ڕوسیا، چونکە ڕۆکێتەکان بەڕێوەن، ڕۆکێتی قەشەنگ و تازە و ”زیرەک!". ڕوسیا تۆ نابێت دۆست و ھاوکاری ئاژەڵێک بیت کە غاز (چەکی کیمیاوی) بەکاردەھێنێت بۆ کوشتنی میلەتەکەی خۆی و چێژیش لەم کوشتنە ببینێت!. "

ئەمەی سەرەوە دواھەمین تویتی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکایە. شێوازی قسەکردن و نووسینی ئەم سەرۆکە لە نزمترین و بێفەڕترین شێوەدایە. قسەکانی لە قسەی شەقاوەیەکی بێعەقڵ دەچێت کە وەسفی قەمە و تیغەکانی دەکات. ھەروەھا لە قسەی کەسێک دەچێت لەگەڵ کەسێکی دیکەدا یاریبکات، بەڵام یاریکردن بە ساروخ و بۆمب و ڕاکێت و چەکی کۆکوژ و وێرانکەر.

ئەو ڕۆکێتانەی ترەمپ بە ”قەشەنگ و تازە و زیرەک" ناویاندەبات سەدەھا و ھەزارەھا مرۆڤی تر دەکوژن و ئاگری شەڕێکی ھێجگار گەورە لەناوچەکەدا خۆشدەکەن، ئاگرێک ئەگەری ئەوەی تیادایە ھەموو ناوچەکە بەسەریەکەوە بسوتێنێت. ئەوانەی لەم ساتەدا بەیەکتریدا ئەدەن چیتر ھێزە پرۆکسییەکان نین، بەڵکو خودی گەمەکەرە سەرەکییەکانن، واتە دەوڵەتە پڕ چەک و پڕ جبەخانەکانی کوشتنن. ئەوانەشی ئەچنە ئەم جەنگەوە ڕوسیا و سوریا و ئێران و تورکیا و ئەمریکا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و بریتانیا و ئەوانیترن...ئەم جەنگە ئەگەر پەرەبسێنێت و چوارپێەیەکی وەک ئەم دۆناڵد ترەمپە بەڕێوەیببات دەریایەک خوێنی گەورە، ھێجگار ھێجگار گەورە، لە ناوچکەدا دروسدەکات.



PM:10:41:11/04/2018