دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە فرۆشتنی راستەوخۆی نەوتی هەرێم بڕیار دەدات

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا بە دواخستنی سکاڵایەکی وەزیری نەوتی عێراق، لەبارەی فرۆشتنی راستەوخۆی نەوت لەلایەن هەرێمەوە بۆ مانگی داهاتوو.

لەڕاگەیەنراوێکدا ئییاس ساموک، وتەبێژی فەرمی دادگای باڵای فیدراڵی ئاماژەی بەوەداوە، ئەمڕۆ یەکشەممە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە سەرۆکایەتی دادوەری مدحت المحمود، سەرۆکی دادگاکە و سەرجەم ئەندامەکانی کۆبوەوە و دەربارەی سکاڵایەکی وەزیری نەوتی عێراق لەسەر ووەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم.

لەبارەی سکاڵاکەوە وتیشی، لەبارەی راستەوخۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوەیە، ئەمڕۆشبڕیاردرا دەرکردنی بڕیار لەسەر کەیسەکە دوابخرێت بۆ سێی مانگی حوزەیرانی داهاتوو.

وتەبێژی فەرمی دادگای باڵای فیدراڵی ئەوەشی خستەڕوو، لەسەر داوای نوێنەری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، کە داوای کردبوو دانیشتنەکە دوابخرێت بە مەبەستی ئامادەکردنی وەڵامدانەوە بۆ سکاڵاکە.

ئەوەشی خستەڕوو، کە دادگا بە داواکە رازی بووە ئەوەش لەسەر رەزامەندی هەمووان لە سەرەتای مانگی داهاتوودا دانیشتن ئەنجامدەدرێتەوە.



PM:03:03:06/05/2018