ژمارەیەك كۆچبەر خنكان

بەهۆی ژێرئاوكەوتنی بەلەمێك لە كەناراوەكانی شارۆچكەی دێمرەی سەر بە پارێزگای ئانتالیا، نۆ كۆچبەر خنكان كە شەشیان منداڵن. 

میدیاكانی توركیا بڵاویانكردوەتەوە كاتژمێر 2:20 خولەكی شەوی رابردوو فەرماندەیی ئاسایشی كەناراوەكان زانیاریی ئەوەی بەدەستگەیشت، بەلەمێك كە ژمارەیەك كۆچبەری نایاسایی هەڵگرتووە، بەدووریی دوو میل و نیوی دەریایی لە باشووری رۆژئاوای دوورگەی گەیكۆڤا لە مەترسیی ژێرئاوكەوتندایە و رەنگە ژێرئاویش كەوتبێت.

باس لەوەشكراوە، دەستبەجێ فەرماندەییەكە چوار بەلەمی هێزە ئەمنییەكان و فڕۆكەیەك و هەلیكۆپتەرێكی رەوانەی شوێنەكە كرد.

لە ئەنجامدا هێزەكان توانیان چوار كەس لە خنكان رزگار بكەن كە یەكێكیان ژنە، هاوكات ماسیگرەكانی دەورووبەریش كەسێكی دیكەیان رزگاركردووە.

ئاماژەبەوەشكراوە، دواتر كۆچبەرە رزگاركراوەكان رەوانەی كێكۆڤا كران و رادەستی ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن كران تا رەوانەی نەخۆشخانە بكرێن.

هاوكات تەرمی نۆ كۆچبەر كە شەشیان منداڵ و یەكێكیان ژنە لە ئاوەكە دەرهێنرانەوە.

بە وتەی كۆچبەرە رزگاركراوەكان بەلەمەكە 14-15 كەسی لەناودابووە و لە ئێستادا تیمەكان بەدوای كەسێكی دیكەدا دەگەڕێن كە پێدەچێت بێسەروشوێن بن و پۆلیسی توركیاش تاوەكو ئێستا ناسنامەی قوربانییەكانی رانەگەیاندووە.



PM:12:23:03/06/2018