زێباری درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بە "کودەتا" ناودەبات

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان هۆشداری لە پرۆژەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دا و بە "کودەتا" بۆ سەر سیستەمی سیاسیی دیموکراسی و ئیتیحادی وەسفی کرد.

هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە نووسینێکیدا کە لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەداوە کە هێشتا حەقڵەی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ٢٠١٨ی عێراق تەواو نەبووە، بەڵکوو داوای کۆبوونەوەیەکی (ئیستسنائی)ی دیکەی پەرلەمانی عێراق کراوە "کە بەپێی دەستوور تەنیا ٨ ڕۆژ لە ویلایەتەکەیدا ماوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە لەو کۆبوونەوەیەدا "سەرۆکایەتیی پەرلەمان و هاوپەیمانییە دۆڕاوەکان پێشنیازی بیدعەیەکی نوێ دەکەن بۆ درێژکردنەوەی ویلایەتی پەرلەمان تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ، ئامانجیش لەم کرایە ئەوەیە کە حکوومەتی عێراق نەبێت بە حکوومەتی کاربەڕێکەر، بەڵکوو دەسەڵاتەکانی درێژ بکرێتەوە".

زێباری ئاشکرای کردووە کە ئەگەر ئەم کارە بکرێت، "پێشێلکارییەکی دەستووریی مەترسیدارە و کودەتایەکە بەسەر سیستەمی سیاسیی دیموکراسی و ئیتیحادیدا دەکرێ".



PM:04:35:22/06/2018