دادگای باڵای فیدراڵی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی ڕەتکردەوە

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی ڕەتکردەوە و بە نایاسایی و نادەستوری ناویبردووە.

بە گوێرەی بەڵگەنامەی تایبەتی دادگای فیدراڵی کە بڕیاری لە بارەی درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان داوە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو بڕیارانەی کە دوای ٤٥ ڕۆژ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەوە لە پەرلەمان دەردەچن هیچ پشتیوانییەکی دەستورییان نییە و بڕیارەکان نابێت لە ٣٠ ڕۆژ تێپەڕ بکات.

پەرلەمانی عێراق لە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ یاسای درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی بە مەبەستی ئەنجامدانی جیاکردنەوەی بژاردنەوەی دەنگی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکە، قسەو باسێکی لە نێوان لایەنە سیاسییەکان و ناوەندە یاساییەکان هێنایە ئاراوە، بە تایبەت سەبارەت بە دەسەڵاتەکانی پەرلەمان بۆ درێژکردنەوەی ماوەی خۆی.

ئەوەش لە کاتێکدایە تا ئێستاش جۆرێک لە ناڕۆشنی لە ئارادایە سەبارەت بە شێوازی جێبەجێکردنی بریاری دادگای فیدراڵی بۆ جیاکردنەوە و بژاردنەوەی دەنگەکان.

ماوەی یاسایی پەرلەمان لە کۆتایی ئەم مانگەدا "حوزەیران" کۆتایی دێت، بەڵام ئەم هەفتەیە لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پەرلەمان هەمواری چوارەمی یاسای هەڵبژاردنەکان کرا و تیایدا تەمەنی پەرلەمانیش درێژکرایەوە تا ئەو کاتەی پرۆسەی جیاکردنەوە و بژاردنەوەی دەستی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان تەواو دەبێت.

بڕیاریشە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو جارێکی تر پەرلەمان کۆبێتەوە بۆ تەواوکردنی خویندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاساکە و بەرلەوەی دەنگدانی کۆتایی لە سەر بکرێت.



PM:05:53:25/06/2018