بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان ڕایگەیاندووە، باندێکی دزیکردن و ھەڵکوتانە سەر ماڵانیان دەستگیرکردووە کە چەند تاوانێکیان ئەنجامداوە.
ئاسایشی گەرمیان ڕاشیگەیاندووە، "پاش ئەوەی سەر لە بەیانی ٢٠/٨/٢٠١٨ چوار کەسی نەناسراو کە دەموو چاویان داپۆشیبوو و بەناوی ئاسایشەوە چوونەتە سەر ماڵی ھاوڵاتییەکی عەرەب بەناوی مھند حسون علی لە گوندی وەلی ئاغای ناحیەی قۆرەتوو و بڕی ٧٤ گەڵای ئەمریکی و ٤ ملیۆن دیناری عێراقی و ٤٠ مسقاڵ ئاڵتون و ٦ مۆبایل و ئای پاد و ناسنامەی سەرجەم خێزانەکە یان بردووە و ھەڵھاتوون".
ئاسایشی گەرمیان ئەوەشی خستووەتە ڕوو، "پاش بە دەستھێنانی بەڵگەی تەواو و دەست کەوتنی سەرە داو و ناسینی تۆمەتباران توانرا لە لایەن ھیزەکانی یاریدەدەرێتی ئاسایشی کەلار سەر بە بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان لە ماوەی کەمتر لە ٤٨ کاتژمێر و لە سەر بڕیاری بەرێز دادوەری لێکۆڵینەوەوە ئەو باندە ئاشکرا و دەستگیر بکەن.
ئەوەش ڕوونکراوەتەوە " باندێکی حەوت کەسییە و شەش تۆمەتباریان بەناوەکانی ئەیام رحمان سلمان و ئەیاد ئەحمد حمید و سەرکەوت مجید محمد و بەرزان عباس عبدالرحمن و محمد ئازاد حسن و کۆسار رۆستم محمد دەستگیر کراون و ھەوڵەکانیش بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباری حەوتەم بەردەوامە.
ئاسایش ڕاشیگەیاندووە، "تۆمەتبارانی ناوبراو لە کاتی لێکۆڵینەوەدا لە بەردەم بەرێز دادوەری لێکۆلینەوەدا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوەو بە پێی ماددەی (٤٤٠)ی سزادانی عێڕاقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە".