به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی راپه‌ڕین چوار كه‌سى به تۆمه‌تى دزیكردن ده‌ستگیركرد، کە سەرجەمیان دانیان ناوه به تاوانه‌كانیاندا.
ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه له راگه‌یه‌ندراوێكدا كه وێنه‌یه‌كى بۆ "سپی" نێردراوه، تیایدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی راپه‌ڕین ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه، هەفتەی ڕابردوو هاوڵاتی سکاڵاکار ( ع.ب ) سەردانی بنکەی پۆلیسی حاجیاوای کرد و سکاڵای تۆمارکرد لەسەر ئەوەی کە دزی لە دوکانەکەی کراوە لە ناو بازاری حاجیاوە کە بڕێک پارە لە دوکانەکەی بردراوە. مەلەفی لێکۆڵینەوە ڕێکخرا و بڕیاری دادوەر بەدەست هات بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباران و دەسگیرکردنیان.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای بەدەست هێنانی زانیاری لەلایەن بنکەی پۆلیسی حاجیاوا و بەهاوکاری بنکەی پۆلیسی بێتواتە لەهەمان ڕۆژی تۆمارکردنی سکاڵاکە، چوار تۆمەتباری نەوجەوان دەستگیر کران. دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیان لەبەردەمی پۆلیس و دادگا دانیان ناوە بە تاوانەکەیان کە بڕێک پارەیان لە دوکانی سکاڵاکاری ناوبراو دزیوە، هەروەها دانیان بەوەشداناوە کە لە چەند شوێنی تر هەستاون بە ئەنجامدانی تاوانی دزی کردن.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکدا ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین باسی لەوەشکردووە، بەبڕیاری دادوەر هەر چوار تۆمەتبار ڕاگیراون بە پێی ماددەی ٤٤٤ لە یاسای سزادانی عێڕاقی. لێکۆڵینەوەش بەردەوامە.