ئەگەر زاڵبن بەسەر ناکۆکیەکاندا سبەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان رادەگەیەنرێت

لەنێوان دوو کورسی تا سێ کورسی جیاوازی لەنێو ئەندامانی کۆمسیۆنی بالآی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمدا هەیە، ئەگەر بگەنە ئەنجام ئەوا سبەی یەک شەممە ٢١ ی تشرینی یەکەم ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن رادەگەیەنرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە جیاوازی ( ٢- ٣ ) کورسی لەنێوان ئەندامانی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی بالآی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمدا هەیە، ئەگەر سبەی بگەنە رێککەوتن، ئەنجامی کۆتایی رادەگەیەنرێت، ئەگەر نەگەشتنە رێککەوتن ئەوا راگەیاندنی ئەنجامەکان دوا دەکەوێت بۆ چەند رۆژێکی تر.
 
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، ئەگەر نوێنەرانی هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتی لە کۆمسیۆنی بالآی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بگەنە رێککەوتن لەگەڵ ئەندامانی تری کۆمسیۆندا کە هەریەک لە پارتی و یەکێتی لەنێوان یەک کورسی، تا دوو کورسیان لێ کەم بکرێتەوە، ئەوا بەیانی لە دوورترین کاتدا، رۆژی دوو شەممە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رادەگەیەنرێت.

سپی زانییوویەتی کەمکردنەوەی ئەو چەند کورسیە پەیوەندی بەو ساختەکاریەوە هەیە کە لە پارێزگاکانی هەرێم ئەنجام دراون.

بەپێی ئەو زانیاریانە ئەگەر کۆمسیاران نەگەنە رێککەوتن، ئەوا راگەیاندنی کۆتایی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بۆ چەند رۆژێکی تر دوا دەدەکەوێت.

سپی زانیوویەتی ئەگەر کۆمسیاران رێکنەکەون، رەنگە پەناببرێتە بەر دەنگدان و بەرێژەی ٥٠+١ پرسەکە یەکلایی دەبێتەوە.

ئەگەر کۆمسیاران لەبەر رۆشنایی ئەو ساختەکاریەی کراوە رێکنەکەون لەسەر کەمکردنەوەی کورسیەکان و هەر دوو نوێنەرانی پارتی و یەکێتی توانیان نیوەزیاتری کۆمسیۆن مسۆگەر بکەن، ئەوا کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستان وەک ئەنجامە بەراییە راگەیەندراوەکان وەک خۆی دەمێنێتەوە.

هەفتەیەک دوای هەڵبژاردنی ٣٠ ئەیلول، کۆمسیۆنی بالآ ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی راگەیاند، بەپێی ئەو ئەنجامە بەراییانە پارتی ٤٤ کورسی، یەکێتی ٢١ کورسی، گۆڕان ١٢ کورسی، نەوەی نوێ ٨ کورسی، کۆمەڵ ٧ کورسی، ئیسلاح ٥ کورسی، سەردەم ١ کورسی، ئازادی ١ کورسی.


 
    








PM:05:55:20/10/2018