خولوسی ئاكار: رێگە نادەین شنگال ببێتە قەندیلێكی نوێ

وەزیری بەرگریی توركیا رایگەیاند، هێرشەكانیان بۆ سەر ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان كە بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە"ی لێیە بەردەوام دەبێت و دەڵێت"رێگە نادەین شنگال ببێتە قەندیلێكی نوێ".

خولوسی ئاكار، وەزیری بەرگریی توركیا لە دانیشتنی پەرلەمانی توركیادا سەبارەت بە بوودجەی وەزارەتی بەرگریی رایگەیاند، چالاكییەكانیان لە منبج، بە ئاراستەی ئەو دیدار و كۆبوونەوانەی لەسەر ئاستی جۆراوجۆر لەگەڵ ئەمریكادا ئەنجامیانداوە و لە چوارچێوەی نەخشەڕێگای منبج و پرەنسیپە ئەمنییەكان، ئەنجامدەدەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، "ئامانجمان لێرە؛ چۆڵكردنی تەواوەتیی منبجە لە لایەن یەپەگەوە، كۆكردنەوەی چەكە قورسەكان و پاككردنەوەی ناوچەكە لەو گرووپانەی چالاكی توندوتیژیی ئەنجامدەدەن و دەستەبەركردنی ئاسایش و سەقامگیریی لە ناوچەكە، رادەستكردنی ئیدارەی شارەكە بە منبجییەكان و لە كۆتاییشدا گەڕانەوەی سوورییەكان لە دڵنیاییدا بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان".

خولوسی ئاكار راشیگەیاند، "سەرەڕای بەڵێنەكان ئەمەریكا تاوەكو هێزەكانی هەسەدە و یەپەگە منبج جێبهێڵن، بەڵام ئەو هێزانە لە شارەكە چاڵیان هەڵكەندووە و سەكۆیان ئامادەكردووە، لە نزیكەوە چاودێریی بابەتەكە دەكەین".

لەبارەی هێرشەكانیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان بە بیانووی بوونی بارەگاكانی پەكەكە خولوسی ئاكار وتی، "چاوەڕوانییمان لە حكوومەتی عێراق ئەوەیە كە هاریكاریی لەگەڵ ئێمەدا ئەنجامبدات بۆ ئەوەی كۆتایی بە بوونی پەكەكە بهێنرێت لەسەر خاكی ئەو وڵاتە". 

دەشڵێت، "ئێمە رێز لە یەكپارچەیی خاكی عێراق، سووریا و سەرجەم دراوسێیەكانمان دەگرین، بەڵام لە پێناو ئاسایشی وڵات و گەلەكەماندا، تا ئەو كاتەی پەكەكە لەو شوێنانەی بوونیان هەیە بە تەواوەتی پاكدەكرێنەوە، ئۆپەراسیۆنەكانمان درێژەیان دەبێت".

لەبارەی هێرشەكانیان بۆ سەر شەنگال و قەرەچووغ لە 13ی ئەم مانگەدا وەزیری بەرگری توركیا رونیكردەوە، "ئەو بنكانە لەلایەن پەكەكەوە بەكاردەهێندرێت، وەك هەمیشە لە میانی ئەم ئۆپەراسیۆنەشدا، هەموو هەستیارییەك نیشاندراوە بۆ ئەوەی خەڵكی مەدەنی و ژینگە زیانی بەرنەكەوێت، هەرگیز رێگە نادرێت شنگال ببێتە قەندیلێكی نوێ".

ئەوەش لەكاتێكدایە لەمیانی هێرشەكانی فڕۆكەكانی سوپای توركیا چوار ژن گیانیان لەدەستدا كە سیانیان ئەندامی یەك خێزانن.

دوای دوو ساڵ لە ئاگربەستی نێوان توركیا و PKK، هاوینی ساڵی 2015 شەڕ دەستیپێكردەوەو فڕۆكە جەنگییەكانی‌ توركیا دەستیانكردەوە بە بۆردومانی‌ ئاسمانی‌ بنكەو بارەگاكانی‌ پەكەكە.




PM:12:16:18/12/2018