پشدەر...باندێكی ڕفاندنی هاوڵاتیان دەستگیركران

وتەبێژی ئاسایشی دەستگیركردنی گرووپێكی پێنج كەسیی ڕفاندنی هاووڵاتییان و خراپەكاریی لە شاری قەڵادزێی سەر بە قەزای پشدەر ڕاگەیاند.

محەمەد فازڵ، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی ڕاپەڕین لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد "پێنج كەسی گرووپێكی ڕفاندن كە دەیانویست هاووڵاتییەك بڕفێنن و هەموو كەلوپەلێكیان پێ بووە و ماوەی هەفتەیك چاودێرییان كردووە كە ئەگەر هاتە سەر كارەكەی بێهۆشی بكەن و بیڕفێنن، چونكە ئەو هاووڵاتییە بڕێك پارەی پێ بووە و ڕۆژانە لەناو شاری قەڵدزێ ماماڵەی پێوە كردووە".

ڕاشیگەیاند "ئێستا لەلایەن هێزەكانی ئاسایش و پۆلیسەوە پێنج كەس لەو گرووپە دەستگیركراون، كە چوار كەسیان خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و یەكیشیان خەڵكی باشووری كوردستانە و سێ كەسی دیكە لەو باندە هەڵاتوون و ئێمە بەدوایانەوەین كە دەستگیریان بكەن".

وتیشی "لەلایەن دادوەری دادگای پشدەرەوە بەپێی مادەی 56ی یاسایی دۆسیە بۆ ئەو دەستگیركراو و داواكراوانەوە كراوەتەوە و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت".

محەمەد ئاماژەی بەوەش كرد "ئەو تۆماتبارانە بۆ ڕفاندنی ئەو هاووڵاتییە، ماتۆرسكیل و عەسای كارەباییان پێ بووە و ویستوویانە كاسبكارێكی بازاڕی دراوی قەڵدزێ بڕفێنن".



AM:11:15:26/12/2018