فڕۆكەخانەی سلێمانی‌ زیانێكی‌ گەورەی‌ بەردەكەوێت

لە ساڵی ڕابردوودا زیانێكی گەورە بەر فڕۆكەخانەی سلێمانی كەوتووە و بەڕێوەبەری‌ فڕۆكەخانەكەش سەرجەم ئەو بەرپرسیارێتیانە دەخاتە ئەستۆی‌ حكومەتی‌ عیراق.

لەكۆنگرەیەكی‌ ڕۆژنامەوانیدا لەفڕۆكەخانەی‌ نێودەوڵەتی‌ سلێمانی‌ تاهیر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری‌ فڕۆكەخانەی‌ نێودەوڵەتی‌ سلێمانی‌ ئاماری‌ كارو چالاكیەكانی‌ ساڵی‌ 2018ی‌ بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، "بەهۆی‌ ڕیفراندۆمەوە كە عیراق گەمارۆی‌ سەپاند بەسەر فڕۆكەخانەكانی‌ هەولێرو سلێمانیدا، زیانێكی‌ گەورەمان بەركەوت، چونكە دوای‌ پێنج مانگ و نیو بەدیاریكراویش لە15ی‌ 3ی‌ 2018دا بڕیاری‌ دەستپێكردنەوەی‌ گەشتەكانی‌ دەركرد".

تاهیر عەبدوڵا جەختیكردەوە بەهۆی‌ وەستانی‌ گەشتەكانی‌ توركیاوە بۆ هەر ڕۆژێك، "فڕۆكەخانەی‌ سلێمانی‌ 15 هەزار دۆلار زیانی‌ بەردەكەوێت و بەكۆی‌ گشتیش لەساڵی‌ ڕابردودا 5 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار زیانمان بەركەوتوە".
وتیشی "بڕیاری‌ ڕاگرتنی‌ گەشتەكان لەگەڵ سلێمانی‌ لەلایەن توركیاوە كاریگەری‌ خراپی‌ لێكەوتۆتەوەو كاریگەری‌ خراپی‌ لەسەر هاوڵاتیانی‌ سلێمانی‌ دروستكردوە، سەرباری‌ ئەوەش لە 2018دا 309 هەزارو 869 گەشتیار لەفڕۆكەخانەی‌ سلێمانیەوە هاتوچۆیان كردوە، بەڵام بەراورد بە 2017 كەمیكردوە".

سەبارەت بەكەمبونەوەی‌ گەشتەكانیش وتی‌ "لە 30% بۆ 40% كەمیكردوەو ژمارەی‌ گەشتیارانیشمان كەمیكردوە، لەگەڵ ئەوەی‌ لەناو فڕۆكەخانە چوار بەشمان هەیە ئەوانیش (بەڕێكردن، كارگۆ، پەیمانگەی‌ فڕۆكەوانی‌ و فەرمانگەی‌ كەشناسی‌)".

تاهیر عەبدوڵڵا ڕێژەی‌ هەناردەشی‌ ڕونكردەوەو باسی‌ لەوەكرد، "لە 82% هەناردە كەمیكردوە بەهۆی‌ بارودۆخی‌ سوریاو توركیاو هەروەها بڕەكانی‌ توركیاش لەسەر ئێمە".

هاوكات ڕەخنە لەحكومەتی‌ عیراق دەگرێت و جەختدەكاتەوە، "چارەسەری‌ كێشەكانی‌ فڕۆكەخانەكانی‌ هەرێم بەتایبەت سلێمانی‌ لەگەڵ توركیا، بەرپرسیارێتی‌ عیراقەو پێویستە هەرچی‌ زوە ئەو كێشەیە چارەسەر بكات".



PM:12:10:08/01/2019