یەختێک بە ٥۱ کۆچبەری کوردەوە نقوم بوو

بەیانی ئەمڕۆ یەختێک کە ٥١ کۆچبەری کوردی هەڵگرتبوو، لە دوورگەی كرۆتۆنێ لە سنوری ئیتاڵیا نوقمبوو.

میدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویانکردەوە، بە‌رە‌بە‌یانی ئە‌مڕۆ كاتژمێر چوار بە ھۆكارێكی نادیار پێش گەیشتنیان بە وشکانی، یەختێک کە ٥١ کۆچبەری کوردی تێدابوو، نوقمبووە و تەواوی کۆچبەرەکان کەوتوونەتە ئاوی دەریای ناوەڕاستەوە.

ئاوواژە بۆ ئەوەش کراوە کۆچبەرە کوردەکان لە ئاوەکەدا ھاواریان کردووە و داوای بەهانەوەچوونیان کردووە، دانیشتوانی ناوچەی مالیسا پۆلیسیان ئاگادارکردووەتەوە و سەرئەنجام شارەوانی و پۆلیسی ناوچەی مالیسا گەشتوونەتە شوێنی ڕووداوە‌كە‌ و بە‌ چوپ و بە‌لە‌می بچووك ھاوكاریی کۆچبەرە كوردە‌كانیان کردووە و، ڕزگاریان کردوون.

گینۆ مورچی سەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی مالیسا ڕایگەیاندووە، توانیویانە تەواوی سەرنشینەکان ڕزگاربکەن، کە ژمارەیان ٥١ کەس بووە کە شەشیان ئافرەت و چواریان منداڵ بوون، کە منداڵی ساواشی تێدابووە.

سەرۆکی شارەوانی مالیسا لە زاری کۆچبەرە کوردەکانەوە باسی لەوەش کردووە، کە دوو کەس لە سەرنشینەکان تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

ئەوەشی وتووە، دوای ڕزگارکردنی كۆچبە‌رە‌ كوردە‌كان، لە‌ ھۆتێلێكدا بە‌رامبە‌ر شوێنی ڕووداوە‌كە‌ گە‌رمكراونە‌وە‌تەوە و خواردنی پێویستیان پێ دراوە و ھاوكاری کراون، دواتر ڕەوانەی کەمپی سانت ئانا، سەربە شاری كرۆتۆنێ، کراون.

دوای ڕووداوەکەش ڕۆژنامەی ناوخۆی شاری كرۆتۆنێ بڵاویکردەوە، دوو کەسی بە ڕەچەڵەک ڕووسییان بە تۆمەتی کاری قاچاغچێتی لە نزیک ئوتێلی ئەو کۆچبەرانە دەستگیرکردووە، کە یەکێکیان تەمەنی ٤٣ ساڵە و ئەوی دیکەیان تەمەنی ٢٥ ساڵە.



PM:05:50:10/01/2019