پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، لە قەزای کەلار باندێک بەمەبەستی دزیکردن چونەتە سەر ماڵێک و بەچەقۆ خاوە ماڵێکەیان کوشتوە.
عەلی جەمال قدوری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، "شەوی رابردو لە گەڕەکی بەردەسوری قەزای کەلار باندێک بەمەبەستی دزیکردن دەچنە سەر ماڵی هاوڵاتیەک و سەرجەم ئەندامانی خێزانەکە قۆڵ بەست دەکەن.
وتیشی، "دواتر باندەکە بە چەقۆ پیاوی خاوەن ماڵەکە بەناوی (م ، ا ، ح ) لەدایکبووی 1970 دەکوژن و، دوای ئەوکارەیان بڕێکی زۆر پارەی ماڵەکە دەدزن و دواتر بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵدێن".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە و گەڕان بەدوای تۆمەتباراندا کردوە.