ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی دووەم بۆ یاسای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم دەکات

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە ٣ی نیسان پەرلەمانى کوردستان کۆببێتەوەو و خوێندنەوەى دووەم بۆ پێشنیازی یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم بکات.

بەپێی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە وا بڕیارە خوێندنەوەی دووەم بکرێت بۆ پێشنیازی یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسەندكردنی دەستور، هاوکات ڕاپۆرتی لیژنەی یاسایی لەبارەیەوە دەخرێتەڕوو.

بڕیاربوو دوێنێ سێشەممە پەرلەمانی کوردستان  خوێندنەوەى دووەم بۆ پێشنیازی یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم بکات، بەڵام کۆبوونەوەکە ئەنجام نەدراو بۆ ئەمڕۆ دواخرا.

لەبارەی هۆکاری دواخستنی دانیشتنەکەى پەرلەمان پێشتر ئومێد خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاندبوو، لە سۆنگەی پەرۆشیی پارتییەوە بۆ نزیکبوونەوە لە ڕێککەوتن، کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەمڕۆ دواخرا.

ڕۆژی ٣٠ ئازار، پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پێشنیازی یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسەندكردنی دەستور کرد، فراکسیۆنەکانی یەکێتی و نەوەی نوێ و کۆمەڵ و یەکگرتووش دانیشتنەکەیان بایکۆتکرد.




AM:09:30:03/04/2019