لەبارەی حەجی ئەمساڵەوە هاوڵاتیان ئاگادار دەكرێنەوە

بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێم نرخی‌ حەجی‌ ئاسایی‌ و بازرگانیش دەخاتەڕوو و ڕاشیدەگەیەنێت "چاوەڕواندەكرێت ڕۆژی‌ 10 بۆ 15ی‌ 7ی‌ ئەمساڵ یەكەم كاروانی‌ فەریزەكارانی‌ حەج لەهەرێمی‌ كوردستانەوە بۆ سعودیە بەڕێبكەون".

قاسم بەرزنجی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێم لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، "لەدوای‌ كۆنگرەكەی‌ ئەمڕۆ یەدەگەكان دەتوانن سەردانی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ حەج و عومرە بكەن بۆ ڕاییكردنی‌ مامەڵەكانیان،  بەڵام هەوڵێكی‌ زۆر هەیە بۆ ئەوەی‌ لەئایندە یەدەگەكان كەمبكرێنەوەو نەمێنن".

قاسم بەرزنجی وتیشی‌ "هەرچەندە بەفەرمی‌ ئاگادارنەكراوینەتەوە، بەڵام چاوەڕواندەكرێت ڕۆژی‌ 10 بۆ 15ی‌ 7ی‌ ئەمساڵ یەكەم كاروانی‌ فەریزەكارانی‌ حەج لەهەرێمی‌ كوردستانەوە بۆ سعودیە بەڕێبكەون".

ئەوەشی خستەڕوو خەڵكانێكی‌ زۆر لەكەسوكاری‌ شەهیدان ناویان تۆماركردوە، ئەوانە هاوكاری‌ دەكرێن و چەند لەتوانادابێت كاریان بۆدەكرێت بۆ ئەوەی‌ بتوانن سەفەری‌ حەج بكەن، وەزیریش ڕەزامەندی‌ دەربڕیوە كاریان بۆ بكرێت.

سەبارەت بەنرخی‌ حەجیش ئاشكرایكرد، "بۆ حەجی‌ ئاسایی‌ چوار هەزارو 200 دۆلارە، بەڵام ئەگەر دوەم جاری‌ بێت بڕی‌ 560 دۆلاری‌ وەك غەرامە لێوەردەگیرێت، بۆ حەجی‌ بازرگانیش 80 وەرەقە بوە، بۆ ئەمساڵ تەنها 65 وەرەقە وەردەگیرێت".

وتیشی "بۆ حەجی‌ بازرگانیش ناونوسین تەنها ڕۆژی‌ شەممە بەدوو شەفت دەبێت، چونكە هیچ كات نەماوە، داواش لەهاوڵاتیان دەكەین سەردانی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ حەج و عومرەی‌ پارێزگاكان بكەن بۆ ناونوسین، تەنها بەبەڵگەنامەی‌ پاسپۆرت دەبێت".



PM:01:59:27/06/2019