یەكێتی وادەی یەكلاییكردنەوەی كاندیدەكانی ئاشكرادەكات

ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی جەخت دەكاتەوە پێش 11ی مانگ یەكێتی كاندی پۆستەكانی حكومەت یەكلادەكاتەوە و لەبارەی كاندید بۆ پۆستی‌ پارێزگاری‌ كەركوكیش ڕوونكردنەوە دەدات.

بەرزان ئەحمەد كوردە، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە "دەنگی ئەمریكا"ی ڕایگەیاندوە، بۆ كابینەی‌ نوێی‌ حكومەت پێش ڕۆژی‌ 11ی‌ 7 یەكێتی كاندیدەكانی بۆ پۆستەكانی حكومەتی هەرێم لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا یەكلادەكاتەوە و دەشڵێت "تائێستا كاندیدەكانمان بۆ پۆستە وزارییەكان یەكلانەكردۆتەوە، لەكۆبونەوەی كۆمیتەی سەركردایەتی یەكلایی دەكەینەوە كە چەند كادیرێك خۆیان كاندیدكردوە بۆ پۆستەكان و لەناویاندا كەسێك هەڵدەبژێرین بۆ هەر پۆستێك".

ئەوەشی خستەڕوو "ئێمە هەوڵدەدەین لەكۆبونەوەی كۆمیتەی سەركردایەتی یەكلایی ناوی‌ كاندیدەكان بكەینەوە، هەموشمان ملكەچی بڕیاری زۆرینەی كۆمیەتی سەركردایەتی دەبین، بەڵام تائێستا كاتی كۆبونەوەی‌ سەركردایەتی‌ دیارینەكراوە".

سەبارەت بەپۆستی‌ پارێزگاری‌ كەركوكیش بەرزان ئەحمەد كوردە دەڵێت "ئێمە چەند كەسێكمان وەك كاندید دیاریكردوە، لەنێو ئەوانیشدا چەند كەسێك هەن كە پێشنیازی پارتیش بون، هیوادارین لەچەند ڕۆژی داهاتودا خۆمان ساغبكەینەوە هەردولا لەسەر كاندیدێك، گرنگ ئەوەیە كەسێك دیاریبكەین بۆ ئەو پۆستە چارەسەری كێشەكانی خەڵك بكەین لەكەركوك و مەسەلەی نەتەوەكەمان".

بەرزان ئەحمەد كوردە وتیشی"پارتی دەزانێت پۆستی پارێزگاری كەركوك حەقی یەكێتیە و زۆرینەی دەنگەكانی كەركوكمان بەدەستهێناوە، لەعیراقیش شەش كورسیمان هێناوە، پێشوتریش زۆرینەی دەنگەكان هی ئێمە بوە، پارتی خۆی ئەو ڕاستیە دەزانێت و دانی پێداناوە، بەڵام ئێمە كاندیدی خۆمان دەستنیشان دەكەین، لەوانەیە موراعاتی هەندێك سەرنج و پێشنیازی پارتیش دەكەین".



AM:10:52:04/07/2019