لە سلێمانی پلانی ڕۆژانی جەژن راگەیانرا

لە سلێمانی پلانی جەژنی پیرۆزی قوربان راگەیانرا و قائیمقامی شارەكەش دەڵێت: هەموو رێوشێنێكی پێویست گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی هاووڵاتیان و گەشتیاران لە بارودۆخێكی ئارامدا پێشوازی لە رۆژانی جەژن بكەن.
 
ئەمرۆ سێ‌ شەممە 6-8-2019، بە مەبەستی دانانی پلانی جەژنی پیرۆزی قوربان و ئامادەكاری فەرمانگە پەیوەندیدارەكان لە رۆژانی پێش جەژن و رۆژانی جەژن، ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی ئەمنی سلێمانی و بەڕێوەبەری فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سلێمانی كۆبووەوە.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیشدا ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند: بۆ ئەوەی هاووڵاتیان و گەشتیاران لە بارودۆخێكی ئارام و بێ گرفتدا پێشوازی لە جەژنی پیرۆزی قوربان بكەن هەموو ئامادەكارییەكی پێویست كراوە.

قائیمقامی سلێمانی وتیشی: لە رۆژانی پێش جەژن و رۆژانی جەژن هیچ شەقامێك بەڕووی هاتووچۆی شۆفێراندا داناخرێت، بەڵكو تیمەكانی هاتووچۆ هاوكار دەبن بۆ رێكخستنی شەقام و رێگەو بانەكان بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بەبێ گرفت سەردانی هەر شوێنێك بكەن كە دەیانەوێت، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد لیژنەهاوبەشەكان لە رۆژانی جەژن و پێش جەژندا  بە ئامانجی پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان و رێگری كردن لە هەر جۆرە سەرپێچیەك سەردان و چاودێریكردنیان زیاتر دەكەن بەتایبەت چاودێری وردی شوێنەكانی فرۆشتنی ئاژەڵ دەكەن بۆئەوەی رێگە بگرن لە سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی كوشتارگەكان.

لەبارەی كارئاسانی بۆ ئەو گەشتیارانەی كە روو لە پارێزگای سلێمانی دەكەن ئاوات محەمەد رایگەیاند: لە بازگەكان و شوێنە گەشتیارییەكانی سلێمانی تیمەكان راسپێردراون هەموو كارئاسانی و هاوكارییەك پێشكەش بە گەشتیاران و ئەو میوانانە بكەن كە روودەكەنە سلێمانی, ووتیشی خاوەنی رێستۆرانت و چێشتخانەكانی سلێمانی ئاگادار كراونەتەوە پێویستە لە رۆژانی جەژنیشدا شوێنەكانیان كراوەبن بەڕووی هاوڵاتیان و گەشتیاراندا و هەر شوێنێك پابەند نەبێت رووبەڕووی سزای یاسایی دەكرێتەوە.

ئاوات محەمەد راشیگەیاند: سەرجەم تیمە خزمەتگوزارییەكان و هێزە ئەمینەكان لە رۆژانی جەژندا لە سەنتەری شاری سلێمانی و هەموو شوێنە گشتیەكان لە ئەركدا دەبن بۆ پارێزگاری كردن لە هاوڵاتیان و ئەو گەشتیارانەی كە روو لە پارێزگای سلێمانی دەكەن.

جارێكیتریش داوای لەو هاووڵاتیانە كرد كە دەیانەوێت قوربانی بكەن بەمەبەستی دڵنیابوونەوە لە تەندروستی ئاژەڵەكە و نەبوونی نەخۆشی، ئاژەڵەكان لە كوشتارگە یاساییەكاندا سەرببڕن بۆ ئەوەی هەموو پشكنینێكی بۆ بكرێت.


PM:05:56:06/08/2019