خشتەی پێدانی کارەبای نیشتیمانی لە ڕۆژانی جەژندا دیاریکرا

بەرێوەبەری كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم ڕایگەیاند، لە رۆژانی جەژندا پێدانی کارەبای نیشتیمانی بە هاوڵاتیان زیاد دەکریت.

ئومێد حەمە عەلی بەرێوەبەری كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم كە هاوكات وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمیشە بەوەكالەت بە میدیای یەکێتی ڕاگەیاند" لەماوەی چەند رۆژی رابردوو چەند گرفتێكمان هەبووە، بەڵام بەهەوڵی تیمەكانمان توانراوە ئەو كێشانەی كەهەبوون چارەسەربكرێن و لەئێستادا توانراوە دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ماوەی چەند ڕۆژێكە  بەهۆی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرماوە 350مێگاوات خواست لەسەر زیادبوونی كارەبا زیادیكردووە،  چەند تیمێكیش بەردەوام لەئەركدان تابتوانرێت هەر گرفتێگ لەئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لەبەنداوی دووكان و دەربەندیخاندا هەبێت چارەسەری بكەن.

ئاشکراشیکرد، لەئێستادا رۆژانە 15 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی بەهاوڵاتیان دەدرێت کە کەمترە لە مانگی ڕابردوو، بەڵام لەرۆژانی جەژندا بەشێكی زۆری  فەرمانگە حكومیەكان و دەزگا و دامەزراوەكان  دەوامیان نییەو لەهەمانكاتدا بازاڕو ناوچە پیشەسازییەكان كار ناكەن، ئەوەش لۆدی سەر كارەبا كەمتردەكاتەوە و ئەو بڕە كارەبایەی بۆ ئەو شوێنانە دابیندەكرێت دەگەڕێندرێتەوە و بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەكرێت و بەردەوام لە هەواڵی زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارەباین.



PM:09:46:06/08/2019