شۆڕش حاجی: مەرج نیە حیزب تەنیا لە رێی پێدانی پۆستەوە پاداشتی خەڵكە ماندووەكەی بداتەوە

شۆڕش حاجی، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان پێیوایە بزووتنەوەكەی لەبەردەم دوڕیانێكی چارەنوسسازدایە و دەشڵێت "مەرج نیە حیزب تەنیا لە رێی پێدانی پۆستی حكومییەوە پاداشتی خەڵكە ماندوو خۆنەویستەكانی بداتەوە".

شۆڕش حاجی لە وتارێكدا لەژێر ناونیشانی " بەشداریکردن لە حکومەت" كە لە ماڵپەڕی "سپی" بڵاَوبۆتەوە دەڵێت "خەباتی پەرلەمانی‌و ململانێی ناو پەرلەمان‌ لە مینبەری ئۆپۆزیسیۆنەوە داهێنانێكی كەموێنەی بزوتنەوەی گۆڕان بو لە كایەی سیاسیدا.  دواتریش بەشداریكردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت هەوڵێكی تری بزوتنەوەی گۆڕان بو بۆ گەیشتن بە هەندێك لە ئامانجەكانی بۆ خزمەتی هاونیشتیمانیانی كوردستان. بەڵام لەمڕۆدا پەیامی گۆڕان لەبەردەم دوڕیانێكی چارەنوسسازدایە".

هەروەها دەشڵێت "بێگومان مافێكی سروشتی هەمو مرۆڤێكە خۆی‌و خێزانەكەی ژیانێكی خۆش‌و گوزەرانێكی باش‌و دواڕۆژێكی دابینكراوی هەبێ. هەروەها ئەركی هەمو هێزێكی سیاسییە ژیانێكی پڕ لە كەرامەت بۆ ئەندام‌و كەسە دڵسۆزو ماندوەكانی دابین بكات. بەڵام مەرج نیە حیزب تەنیا لە رێی پێدانی پۆستی حكومییەوە پاداشتی خەڵكە ماندوو خۆنەویستەكانی بداتەوە، بەڵكو زۆر رێكاری گونجاوی تر هەن بۆ ئەو مەبەستە". 




PM:02:54:08/08/2019