مەزڵوم کۆبانێ: بۆ سەرکەوتنی ئاگربەستەکە چیمان لە دەست بێت دەیکەین

مەزڵوم عەبدی، ناسراو بە مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هەسەدە لە یەکەم کاردانەوەیدا لەبارەی ڕێککەوتنەکەی ئەمریکا و تورکیا لەبارەی ناوچەی ئارام ڕاگەیاند "ئەم ئاگربەست و ڕێککەوتنەی کراوە لەسەر ناوچەکانی شەڕە (نێوان گرێسپی و سەرێکانی) لەسەر شوێنەکانی دیکە هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە". 

مەزڵوم کۆبانێ وتیشی "ئێمە ئاگربەستەکەمان قبووڵ کرد و بۆ سەرکەوتنی ئاگربەستەکە چیمان لە دەست بێت دەیکەین".

ئەو وتانەی ناوبراو لەکاتێکدایە سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەزاری مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاوە، تورکیا هێرشی بۆ سەر سەرێکانی دەستپێکردەوە وبەگوێرەی زانیاریەکان لە ئێستادا بۆردومانی چڕ لەسەر ناوەندی شاری سەرێکانی هەیە لە ڕێگەی تۆپەوە لە لایەن سوپای تورکیا و چەکدارە هاوپشتەکانیەنەوە ئەو شارە بۆردومان دەکرێت.

هەر بەگوێرەی زانیاریەکان هێزەکانی سوریای دیموکرات بەرگری دەکەن و سوپای تورکیا بە پاڵپشتی هاوەن و دبابە هێرش دەکات

دەستپێکردنەوەی بۆردومان و هێرشی سوپای تورکیا لەکاتێکدایە ئێوارەی ئەمڕۆ مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئه‌مه‌ریكا و توركیا بۆ ئاگربه‌ست له‌ سووریا گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن و تورکیا هێرشەکانی ڕادەگرێت، پێویسته‌ هێزه‌كانی یەپەگە له‌ ماوه‌ی 120 كاتژمێر، ناوچه‌ی ئارام جێبهێڵن".

پێنس وتیشی "لە بەرامبەردا ئەمریکا سزای نوێ بەسەر تورکیادا ناسەپێنێت تا ڕاگەیاندنی ئاگربەستی تەواوەتی".


PM:11:24:17/10/2019