ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا ژمارەیەک چاکسازی رادەگەیەندرێت.

 

بەگوێرەی نوسراوێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە تێیدا هاتووە"یەکێک لەتەوەرەکان بریتییە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی دەرماڵەی بەرپرسان".

 

هەر بەپێی نوسراوەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕگەی دووەمی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بریتیە لە تەواوکردنی دەنگدان لەسەر هەمواری دووەمی یاسای دەستەی نەزاهەی عێراق، هاوکات بڕگەی سێیەم و کۆتایی دانیشتنەکە تایبەت دەبێت بە تەواوکردنی دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای دڵنیایی تەندروستی.

 

ئەوەش لە کاتێکدایە خۆپیشاندانەکانی عێراق کە ماوەی شەش هەفتەیە بەردەوامە یەکێک لە داوکارییەکانیان بڕینی موچەی پلەباڵاکانە کە دەرماڵەکانیان %70ی موچە پێکدەهێنێت، و داواش دەکەن خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەییەکان و پرۆژەی ئاوەدانکردنەوە زیاتر بکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا داواکار بوون دەستەی نەزاهە لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران بکات.

 




PM:02:35:14/11/2019