ته‌رمی ده‌ستبه‌سه‌ركراوێکی كورد له‌ نزیك به‌نداوێکی مەریوان دۆزرایه‌وه‌

تەرمی هاوڵاتییەکی خەڵکی مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەنزیک بەنداوێکی ناوچەکە دۆزرایەوە کە مانگێک لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکرابوو.

 

بەپێی هەواڵێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە تەرمی هاووڵاتییەکی خەڵکی سەوڵاوا بە ناوی "ئێرشاد ڕەحمانیان" لە خۆپێشاندانەکانی مەریوان دەستبەسەر کرابوو، لە بەنداوی گاڕان دۆزرایەوە.

 

هەنگاو ئاشکراشیکردووە" ئێرشاد رەحمانیان تەمەن 28 ساڵ و دەرچووی بەشی ئورژانسی پزیشکی، لە کاتێکدا دایکی بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی بردبوو بۆ نەخۆشخانەی شاری مەریوان، دەستبەسەر و لەو کاتەوە چارەنووسی نادیار بوو".

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی رەحمانیان رایگەیاندووە، تەرمی ئێرشاد لە کاتێکدا دۆزیاوەتەوە کە دەس و قاچی شکاوە و فیشەک بەر سەری کەوتووە.

 

سەڕجاوەکە ئەوەشیخستەڕوو:  ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران هەڕەشەیان لە بنەماڵەی کوژراوەکە کردووە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک هەواڵی کوژرانی میدیایی بێتەوە و دەبێت وەکوو خۆکوشتن لە قەڵەم بدرێت.

 

پاش دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەرامبەر گرانکردنی نرخی بەنزین لە وڵاتەکەدا، بە هەزاران کەس دەستگیرکران و تا ئێستاش تەرمی چەند هاوڵاتییەکی کورد و ناوچەکانی دیکەی ئێران لە بەنداوەکان دۆزراونەتەوە پاش دەستگیرکردنیان.

 


PM:12:17:17/12/2019