خۆپیشاندەران نووسینگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیان لە پارێزگای موسەننا داخست

ئەمڕۆ هەینی خۆپیشاندان لە شارەکانی بەغدا و باشووری عێراق دەستیپێکردەوە و خۆپیشاندەران نووسینگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیان لە پارێزگای موسەننا داخست.

 

بەپێی هەواڵی میدیاکانی عێراق، دەیان خۆپیشاندەر لە پارێزگای موسەننا لافیتەیەكیان لەبەردەم نووسینگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵواسی كە لەسەری نووسرابوو "داخراوە بە فەرمانی گەل"، هاوکات لە پارێزگای زیقاریش ژمارەیەك قوتابخانە لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە سووتێنران.

 

ئەمەش لەکاتێکدایە عەبدولمەهدی كەربەلائی، نوێنەری عەلی سیستانی له‌وتاری ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند" دوای پەسەندكردنی یاسای هەڵبژاردن  دەبێت هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت چونكە ئه‌و هەڵبژاردنه‌ زۆربەی كێشەكان چارەسەر دەكات".

 

داواشی له‌ ده‌سته‌بژێری فكری و خاوه‌ن تواناكان كرد ریزه‌كانیان رێكبخه‌ن بۆ چوونه‌ ناو كاری سیاسی له‌ حكومه‌تی داهاتووداو كاربكه‌ن بۆ رێگرتن له‌و گه‌نده‌ڵیه‌ی كه‌ له‌ حكومه‌ته‌كانی پێشوودا روویداوه‌، پێویستە خۆپیشاندانەكان نەبنە هۆی راگرتنی پڕۆسەی خوێندن و په‌كخستنی دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كان.

 

لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردوو ، تەوژمی خۆپیشاندان بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقی گرتووەتەوە، خۆپیشاندەران داوای چاكسازیی و باشتركردنی ئاستی خزمەتگوزاریی و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و دابینكردنی هەلی كار دەكەن، بەهۆی دروستبوونی پێكداهەڵپژانیش لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان، تا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ كەس كوژران و هەزارانی تریش برینداربوون. 



PM:02:26:20/12/2019