سبەینێ خۆرگیران روودەدات

سبەینێ خۆرگیران لە جیهاندا روودەدات و لە هەرێمی کوردستانیش دیاردەکە بە چاوی ئاسایی دەبینرێت.

 

 ئەژی چەتۆ، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەی هەرێم  ڕاگەیاند" سبەی پێنج شەممە دیاردەیەكی گەردوونی ڕوو دەدات كە ئەویش بریتییە لە خۆرگیرانی كەوانەیی، کە ماوەی دیاردەکە لە هەرێمی کوردستان لە ٣٦ خولەک تێپەڕ ناکات".

 

وتیشی" دیاردەكە لە بەیانی زوو ڕوو دەدات لە نێوان سەعات حەوت و ١٣ خولەك بۆ حەوت و ١٥ خولەك خۆرگیرانەكە لە شارەكانی هەرێمی كوردستان بەشێوەی جیاواز دەبینرێت و لە هەولێر لەسەدا ٢٩ دەبێت و لە شارەكانی تریش لەسەدا ٤٢ دەبێت".

 

ئاماژەی بەوەش کرد" ئەگەر هیچ بەربەستێکی سروشتی یان دەستکرد نەبێت، ئەوا دەتوانرێت خۆرگیرانی نیمچەیی ببینرێت و لای سەرەوەی دیسکی تاریکی مانگ تاکو نزیکەی ناوەڕاستی دیسکی گەشی خۆر ببینرێت".

 

خۆرگیرانەکە لە جیهاندا روودەدات و پێی دەوترێت خۆرگیرانی ئەڵقەیی، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە خۆر و مانگ و زەوی بكەونە سەر یەك هێڵ بەمەیش مانگ دەكەوێتە پێش خۆر و ڕێگری دەكات لە هاتنی تیشكەكانی خۆر بۆسەر زەوی.

 

 

 

 

 



PM:09:04:25/12/2019