ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ شەممە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنێكی نائاسایی خۆی ساز بكات و بەپێی كارنامەی دانیشتنەكە گفتوگۆ لەبارەی دۆخی عیراق له‌دوای كوشتنی قاسم سوله‌یمانی و ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس دەکرێت.

 

دوێنێ لە ڕاگەیەندراوێکدا حەسەسه‌ن كه‌عبی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند" كه‌ كاتی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سنوورێك بۆ گاڵته‌پێكردنی ئه‌مریكا له‌ناو خاكی عیراقدا دابنرێت و ڕۆژ به‌ ڕۆژ هه‌ڵسوكه‌وته‌ ساختییه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عیراق ده‌رده‌كه‌وێت و گاڵته‌كردن به‌ سه‌روه‌ری عیراق ده‌كرێت".

 

بەپێی زانیارییەکان دانیشتنی ئەمڕۆی په‌رله‌مان تایبه‌ت ده‌بێت بۆ ده‌ركردنی چه‌ند بڕیارێكی یه‌كلایی كه‌ره‌وه‌ بۆ دانانی سنوورێك بۆ مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ناو خاكی عیراقدا.

 

هاوکات هەر دوێنێ لە ڕاگەیەندراوێکدا عادل عبدولمەهدی، سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری عێراق ئاماژەی بەوەکرد" ئه‌مه‌ كارێكی دووژمنكارانه‌یه‌ و دژ به‌ سه‌روه‌ری عیراقه‌، ئه‌م هێرشه‌ی ئه‌مریكا پێشێلی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ده‌كات كه‌ رێگه‌یداوه‌ به‌بوونی هێزی ئه‌مریكی له‌ عیراق".

 

سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری عێراق وتیشی" به‌ فه‌رمی داوامان كردووه‌ پاڵپشت به‌ مادده‌ی 58ی ده‌ستوور كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی په‌رله‌مانی عیراق ئه‌نجام بدرێت له‌باره‌ی هه‌ڵوێستێكی فه‌رمی عیراق و ده‌ركردنی بڕیار و یاسا و ئه‌نجامدانی رێوشوێنی پێویست كه‌ شكۆ و ئارامی و سه‌روه‌ریی عیراق بپارێزێت".

 







AM:10:27:04/01/2020