سیستانی سەرکۆنەی کووشتنی خۆپیشاندەرانی نەجەف دەکات

ئەحمەد سافی  نوێنەری سیستانی لە وتاری هەینیدا سەرکۆنەی تەقەکردن و کووشتنی لە خۆپیشاندەران کردو بەتایبەتی خۆپیشاندەرانی شاری نەجەف.  



ئەحمەد سافی نوێنەری عەلی سیستانی رایگەیاند،"بەداخەوە لە چەند رۆژی رابردودا خوێنی بەناهەق رژێنرا، بەتایبەت ئەوانەی كە لە شاری نەجەفی پیرۆز رویدا لە ئێوارەی چوارشەممەی رابردو، لەكاتێكدا كە مەرجەعیەتی باڵا ئەو پێشێلكارییانە سەركۆنە دەكات جا لە هەر لایەنێكەوە بێت، هاوكات سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانیەكان دەكات و نزا دەكات بۆ برینداران كە بەزوترین كات چارەسەرببن".

 
 
سافی لە زاری سیستانییەوە، وتیشی،"مەرجەعیەت تەئكید دەكاتەوە بەهیچ شێوەیەك نابێت هێزە ئەمنیەكان روبەروی خۆپیشاندەران ببنەوە و پێشێلكاری یاساكان بكەن و دەبێت دەزگا فەرمیەكان پارێزگاری لە خۆپیشاندەران بكەن و ئەوانەی كاری تێكدەریان كردوە ئاشكرایانبكەن و سزایان بدەن، سەرجەم بەرژەوەندییەكانی هاوڵاتیان لە موڵكی گشتی و تایبەتی بپارێزن و نابێت كەمتەرخەمی بكەن، دەبێت دەزگا ئەمنیەكان بە پیشەگەرانە مامەڵە بكات و دوربن لە توندوتیژی لەگەڵ خۆپیشاندەراندا، ناشبێت رێگە بدەن دەستدرێژی بكرێتە سەر بەرژەوەندییە گشتی و تایبەتیەكانی هاوڵاتیان".


رۆژی سێ شەممە و چوار شەممەی رابردوو لایەنگرانی موقتەدا سەدر لە رێگای چەکی بچووک و چەقۆوە هێرشیان کردە سەر مەیدانی خۆپیشاندان لە نەجەف و لە کەربەلاو تەنها لە نەجەف ١١ کوژراو زیاتر لە ١٠٠ کەس برینداربوون




PM:03:09:07/02/2020