بەپەلە: 150 هەزار كارتی وەرنەگیراو لە فڕۆكەخانەی سلێمانی ماوەتەوە

150 هەزار كارتی ئەلكترۆنی دەنگدان كە خاوەنەكانیان نەچوون وەری بگرنەوە، پێویست بووە دوێنێ‌ شەو بگەڕێتەوە بۆ بەغدا بۆ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، بەڵام بەهۆی نەبوونی فڕۆكەوە كارتەكان نەگەڕێنراونەتەوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بەسپی میدیای راگەیاند، دوێنێ‌ ئێوارە ئەو (150) هەزار كارتە كە تەنها كارتی ئەو هاوڵاتیانەیە كە لە سنوری پارێزگای سلێمانی نیشتەجێن‌و كارتەكانیان وەرنەگرتووە، وابڕیاربووە بگەڕێتەوە بۆ بەغدا‌و لەكۆمسیۆن دابنرێت، بەڵام كارتەكان شەوی رابردوو لەناو فڕۆكەخانە دانراون‌و تائێستاش كۆمسیۆن هیچ روونكردنەوەیەكی لەوبارەیەوە نەداوە.
بەپێی زانیاریەكانی سپی میدیا كە لەسەرچاوەیەكی تایبەتەوە پێی گەیشتووە، كارتەكان لەژێر چاودێری ئاسایشی فڕۆكە خانەدابووەو لەلای ئەوان هێڵراونەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە كە دەبوو ئەو كارتانە لە تەرمیناڵی فڕۆكەخانە دابنرێن.
ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند لەئێستادا بەئاگاداری چاودێرانی لایەنە سیاسیەكان، لەڕێگەی ئۆتۆمبێلەوە بەرەو بەغداد بەڕێكراون.



AM:09:39:29/04/2014