ئیدارەی گەرمیان چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد

ئه‌مڕۆ پێنج شەممە ژوری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئیداره‌ی گه‌رمیان بۆ روبه‌رووبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، له‌سه‌ر رۆشنایی بڕیاره‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و پاش تاوتوێكردنی بارودۆخه‌كه‌ چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد.

 

كۆبونەوەكە لە لایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بەڕێوە چوو تیایدا دەڵاتدرایە قایمقامەكانی كفری و كەلار بە مەبەستی گرتنەبەری رێكاری تایبەت بە ناوچەكانی خۆیان. 

لە كۆبونەوەكەدا داوا لەو هاووڵاتیانە كرا كەلە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە و تا ئێستا پشكنینیان ئەنجامنەداوە، لە ماوەی (٧٢) كاتژمێر بە خۆیان و پاسپۆرتەكانیان سەردانی نەخۆشخانەی گشتی كەلار بكەن بە مەبەستی وەرگرتنی سامپڵی پێویست بۆ پشكنین، بەپێچەوانەوە هەر یەكێك لەو هاووڵاتیانە سەردان نەكات رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

ئیدارەكە درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتووچۆی تا رۆژی (٢٣ی ئازاری ٢٠٢٠) راگەیاند و دەشڵێت" لە ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ خاوەن كۆمپانیاكان و ماركێتەكان و بازرگانەكان، دەتوانن لە كاتژمێر (١٢) ی شەو تا (٦)ی بەیانی شمەك و خۆراك بۆ ماركێتەكان و شوێنی كاریان بهێنن".

ئیدارەی گەرمیان جوتیاران و خاوەن باخ و مەزرەعەكان تایبەتمەندێتیان پێدەدات و دەڵێت ئەوانیش دەتوانن" لە (١٢)ی شەو تا (٦)ی بەیانی رێگەیان پێدەدرێت سەردانی باخەكانیان بكەن بە مەبەستی راییكردنی كارەكانیان".

ئەو ئیدارەیە بڕیاریشیدا جارێكیتر كاری مەرزی پەروێزخان و جموجۆڵی بازرگانی بەشێوەیەك رێكبخەنەوە بۆ ئەوەی زیاتر بەریەككەوتن كەمبكرێتەوە لەنێوان خەڵكی دەروازە سنوریەكە. 

 


PM:02:52:19/03/2020