لەماوەی 4 مانگدا 6 حاڵەتی ئایدز لەهەرێم تۆمار دەكرێت

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان لەماوەی 4 مانگی رابردوودا 6 حاڵەتی توشبوون لە ئایدز تۆمار كراوە كە یەكێكان خەڵكی سلێمانیە.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بۆ (باس) رایگەیاند لە ماوەی 4 مانگی رابردووی ئەمساڵدا، 6 حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشیی ئایدز لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە.
 د.خالس قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە وردەکاریی ئەو  کەسانەی کە تووشی نەخۆشییەکە بوون بە (باس)ی رایگەیاند: لەو 6 کەسە 5 کەسیان بیانین و رەوانەی وڵاتی خۆیان کراونەتەوە، کەسێکیش خەڵکی هەرێمی کوردسانە و دانیشتووی سلێمانیە.

بە گوتەی بەرپرسەکەی وەزارەتی تەندروستی، تاوەکو ئێستا لە کوردستان بە گشتی 16 حاڵەتی نەخۆشیی ئایدز تۆمار کراوە.
گوتیشی: هەر گەشتیارێک یان کرێکارێکی بیانی کە بیەوێت لە هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە لە فڕۆکەخانەکان رەوانەی سەنتەرەکانی تایبەت بە پشکنینی ئایدز دەکرێت، دوای پشکنین رێگە بەو کەسانە دەدرێت بمێننەوە، یاخود بەڕێ بکرێن. هیچ وڵاتێک قەدەخەی لەسەر نییە.

بە بڕوای  دکتۆر خالس قادر، چەندین هۆکار لە پشت زیادبوونی ژمارەی هەڵگرانی ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان هەیە، لەوانەش: زیادبوونی دیاردەی سێکسی ناشەرعی، هاتنی کرێکارانی بیانی، گەشتکردنی هاووڵاتیان بۆ دەرەوە، هاتنی گەشتیاران و بازرگانان بۆ کوردستان، گەڕانەوەی کوردانی دەرەوەی وڵات، بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە وڵاتانی دەروبەر و هاتنی ئاوارەکان.



PM:03:32:06/05/2014