کۆمەڵە: ڕادەست كردنەوەی مستەفا سەلیمی لەلایەن هەر كەسێكەوە بێت، كارێكی ناڕەوایە

لایەنە سیاسییەکان لەسەر کەیسی مستەفا سەلیمی رای جیاوازیان هەیە، کۆمەڵەی زەحەمەتکێشانی کوردستان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، "ڕادەست كردنەوەی مستەفا سەلیمی لەلایەن هەر كەسێكەوە بێت، كارێكی ناڕەوایە".

 
لە راگەیاندێکی کۆمەڵەدا کە ئەمشەو بڵاوکرایەوە، هاتووە "مستەفا سەلیمی پاش هاتنی بۆ خاكی باشوری كوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان لەسنوری پێنجوێن رادەستی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی دەكرێتەوە. سەرەڕای ئەوە كە ئەو كەسە چ تاوانێكی ھەبووبێ، كاتێك پەنای ھێناوە حەقوابوو وەك پەنابەرێكی كورد ڕەفتاری لەگەڵ كرابایە و یاساكانی مافی مروڤ و پەنابەری بۆی لەبەر چاو گیرابا".


کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان هەڵوێستی خۆی رادەگەیەنێت "  لەسێدارەدانی مستەفا سەلیمی تاوانەكەی دەكەوێتە ئەستۆی رژێمی جینایەتكاری كۆماری ئیسلامی كە دامودەزگا سەركوتگەرەكانی لەوانە دەزگای قەزاییەكەی هیچ شەرعییەتێكیان نەماوە‌و ئەم تاوانەش بە ھەموو پێوانەیەك مەحكومە و دەبێ لێی لە قاو بدرێ".

 
هەروەها کۆمەڵە پێیوایە" ڕادەست كردنەوەی ناوبراو لەلایەن هەر كەسێكەوە بێت، كارێكی ناڕەوایە كە نەریتی تا ئێستای ھەرێم بەرانبەر پەنابەران، بە تایبەتی كوردانی پەنابەر، پێشێل دەكات و دەبێتە ڕچەشكێنییەك بۆ نەریتێكی نەشیاو. ئەو كارە كاریگەریی نەرێنی لەسەر پێوەندی و ھاوپشتی خەڵكی ڕۆژھەڵات و باشور دادەنێ."


ئەو حیزبە ئەو كردەوەیە مەحكوم دەكات و داواكارن ئۆرگانە پێوەندیدارەكانی ھەرێم لەو بارەوە لێكۆڵینەوە بكەن ‌و روونكردنەوە بۆ رای گشتیی خەڵكی كوردستان بدەن‌و ئەو كردەوە ناڕەوایە بێ وەڵام نەھێڵنەوەو دەڵێن" پێویستە ھەموو دەسەڵات و حیزبەكانی كوردستان لەو ھەلومەرجە ھەستیارەدا نەھێڵن ریزەكانی گەلی كورد لە ھەموو بەشەكان نیگەرانی و كەلێنی تێبكەوێ". 




PM:07:12:11/04/2020