سلێمانی بەبێ پۆلیسی هاتوچۆ بەڕێوە دەچێت
پۆلیسی هاتوچۆو پزیشك‌و کارمەندنی تەندروستی بەردەوامن لەبایکۆتی دەوام

پۆلیسی هاتوچۆ لەبەردەم باخی گشتی سلێمانی گردبوونەوەو رایانگەیاند بەردەوام دەبن لە بایکۆتکردنی دەوام تا مووچەکانیان وەردەگرن، سلێمانی بۆ ماوەی سێ رۆژە بەبێ پۆلیسی هاتوچۆ بەڕێوە دەچێت، پزیشک و کارمەندانی تەندروستیش چەند رۆژە، جگە لە بەشی کۆرۆنا بایکۆتی دەوامیان کردووە، فەرمانگەکانی دیش بۆ یەک هەفتە لەبەر کۆرۆنا پشوو راگەیەندرا، لەم رۆژانەدا حکومەت کەمترین کات لە شوێنە گشتیەکانی سلێمانی دەردەکەوێت.

 

بەهۆی دوا کەوتنی مووچەوە زۆربەی کەرتەکانی ژیانی حکومەت لە پارێزگای سلێمانی راگیراوەو، خەریکە بەتەواوی لەم پارێزگایەی هەرێم ژیانی حکومەت و هاوڵاتیان بەهۆی نەدانی مووچەو زیاتر بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە  رادەوەستێت. حکومەت لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان زۆر بە کەمی دەبینرێت، بەتایبەتی پۆلیسی هاتوچۆ کە رەمزێکی حکومەتە سێ رۆژە شەقام و فولکەکانیان چۆڵکردووە، هەروەها نەخۆشخانەکان کاروباری هاولآتیان بەڕێوەناچێت، بەهۆی بایکۆتی پزیشکانی نیشتەجێ و نیشتەجێی خولاو.

 

لاوازبوونی دامودەزگا لێپرسراوەکانی حکومەتی هەرێم بۆتە مایەی سەرپێچیکردن لەسەر ماڵومولكی گشتی، کار بەوە گەیشتووە مەڵبەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سلێمانی رابگەیەنێت کە ئەو خاوەنی شاری سلێمانی یەو رێگانادات سەرپێچی بکرێت لەسەر موڵکی گشتی.

 

چاودێران پێشبینی خراپتر بۆ سلێمانی دەکەن و حکومەت ئاگادار دەکەنەوە کە ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بڕوات شتێکی نامینێت لەم پارێزگایە بەناوی حکومەتەوە.

 

 

 



AM:10:35:21/06/2020