سیاسەتمەنداری ناسراوی کورد، قادری حاجی کۆچی دوایی کرد

سیاستمەدار و کەسایەتی و پێشمەرگەی دێرین، قادری حاجی عەلی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لە دەستدا.

 

عەتای حاجی عەلی برای، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیوویەتی " ئێمە و هەموو کوردت هەتیوو کرد".

 

قادری حاجی کە ئەمرۆ سێ شەممە لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا بە کۆرۆنا گیانی لە دەستدا، لەدایکبووی شاری سلێمانیی و لە خێزانێکی تێکۆشەری ئەو شارەیە، برای هونەرمەندی ناسراو حەمەجەزایەو  خاوەنی چوار منداڵە.هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە جیولۆجی دا.


پێشمەرگەیەکی دێرینەو لەساڵی ١٩٨٠ ەوە بووبە پێشمەرگە و لەتەمەنی ٢٨ ساڵیدا بووبە سەرکردایەتی کۆڵەی رەنجدەرانی کوردستان و بەیەکێک لەسەرکردە دیارەکانی یەکێتی و دواتر گۆڕان دادەنرا، لەبەر ناکۆکی لەگەڵ سەرکردایەتی ئێستا گۆڕاندا لەو بزووتنەوەیە دوورکەوتووەو وەک کەسایەتییەکی سەربەخۆ تا دوا ساتی کۆچکردنی مایەوە.


ئەو دەمەی نەوشیروان مستەفا لە ژیاندابوو قادری حاجی عەلی  بە دووەم بەهێزترین كەسایەتیی گۆڕان دەناسرا، ئەو ئەندامی دامەزرێنەری گۆڕان و، لە رابردووشدا بە یەكێك لە عەقڵە "مودەبیرەكانی" یەكێتیی هەژمار دەكراو ماوەیەکی درێژ ئەندامی مەکتەبی سیاسی و دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بووە.

 
قادری حاجی عەلی دامەزرێنەری دەزگای زانیاریی یەكێتییە، كە دەزگایەكی هەواڵگرییە و لە ئێستادا ئەم دەزگایە یەكێكە لە دو پایەكەی دامەزراوەی هەواڵگری كوردستان. 

 
ئەو سەرپەرشتیار و پلاندانەری میدیای یەكێتیی بووە لە ساڵاتی ١٩٩٠ كە ئەو كاتانە بە سەردەمی زێڕینی ئەو میدیایە ناوزەد دەکرا. ئەو ئەندامی گروپی ریفۆرمخوازان بوو لەناو یەكێتیی كە نەوشیروان موستەفا دروستكەری بوو، و یەكەمین ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتییە كە خۆبەخشانە وازیهێنابێت، تەنانەت بەر لە دروستكردنی بزوتنەوەی گۆڕانیش. 

لە دوای دوورکەوتنەوەی لەگٶڕان لەلایەن ناوەندنێکی سیاسی و جەماوەری بەرفراوانی سلێمانی و هەرێمی کوردستانەوە وەک جێگای ئۆمێد و سەرکردەیەکی ئۆپۆزسیۆن تەماشایان دەکرد. 

 
ماوەی زیاتر لە مانگێکە تووشی نەخۆشی کۆرۆنا بووەو شەوی رابردوو ٩ ی تشرینی دووەم لە سلێمانی گیانی لە دەستدا.

 


AM:09:55:10/11/2020