ژووری ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای هەولێر ژمارەیەک بڕیاری نوێی دەرکرد

ژووری ئۆپراسیۆنەکانی هەولێر ئەمشەو ژمارەیەک بڕیاری نوێی دەرکرد، لەوانە ئەو شوێنانەی بەهۆی رێکارەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە داخراون، بەداخراوی دەمێننەوە

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی پارێزگای هه‌ولێر، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەمە به‌سه‌رپه‌رشتی ماڤپەروەر هێمن قادر پارێزگاری هەولێر بەوەکالەت و بەئامادەبوونی ئەندازیار عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و تەواوی ئەندامانی ژووری ئۆپەراسیۆن، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەدیوانی پارێزگا کۆبووە و ژمارەیەک بڕیاریان بۆ خۆپارێزى لە ڤایرۆسى کۆرۆنا دەرکرد.

ده‌قی بڕیاره‌كان:

یەکەم/ ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، سوپاس و ستایشی دانیشتوانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکات کە لەماوەی دووهەفتەی ڕابردوو بەهۆی پابەندبوونیان بەڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی، تاڕادەیەک توانراوە لە سنووری پارێزگاکەمان بەشێوەیەک ڕێژەی تووشبوون بەکۆرۆنا کەمبێتەوە، ئەمەش ماییە خۆشحاڵییە، بۆیە تکا لەهاوڵاتییانی شارەکەمان دەکەین پابەندی بڕیار و ڕێنماییە تەندروستیی و ڕێکارەکانی خۆپارێزیبن و زۆرهەستیارانە مامەڵە بکەن و خۆیان بەدووربگرن لە شوێنە قەرەباڵغەکان و دەمامک ببەستن، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی شارەکەمان و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییانی، هەروەها سوپاس و ستایشی یەکەکارگێڕییەکان، تیمەکانی تەندروستیی، شارەوانییەکان، هێزەکانی(پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، هاتووچۆ) دەکەین، کە جوامێرانە لەپێناو پاراستنی ئاسایشی تەندروستی شارەکەمان و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییانی شارەکەمان لەئەرکدابوونە.

دووەم/ داوا لەسەرجەم هاوڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکەین، بەو پەڕی هەستکردن بەبەرپرسیاریەتی لەم بارودۆخەدا، لەپێناو سەلامەتی خۆیان و ئازیزانییان پابەندبن بەڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەکۆرۆنا بەتایبەتی بەستنی (دەمامک)، هەرکەسێک ڕەچاووی بەستنی (دەمامک) و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەڤایرۆسی کۆرۆنا نەکات، ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.

دووەم/ داوا لەمامۆستایانی ئاینی و پێشنوێژی مزگەوتەکان دەکەین، لەجێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی هاوکارمانبن:-
1- بەهیچ شێوەیەک نوێژخوێن نابێت منداڵ لەگەڵ خۆی ببات بۆ ناو مزگەوت.
2- ڕێگە نەدەن نوێژخوێن بەهیچ شێوەیەک بەبێ بەستنی (دەمامک) و بەرماڵی تایبەتی خۆی بۆ نوێژکردن بڕواتە ناو مزگەوت.
هەر مزگەوتێک پابەند نەبێت، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێماندراوە دادەخرێت.

سێیەم/ (نۆڕینگە، سەنتەر و کۆمەڵگا پزیشکییەکان، نەخۆشخانە ئەهلییەکان) و هەموو ئەو هاوڵاتییانەشی بەمەستی چارەسەر سەردانیان دەکەن، دەبێت پابەندی جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەکۆرۆنابن، بەتایبەتی بەستنی (دەمامک)، هەرشوێنک پابەند نەبێ، ڕێکاری یاسیایی لەبەرمبەردا دەگیرێتەبەر و شوێنەکە بە پێبژاردن و داخستن سزادەدرێت.

چوارەم/ هەموو ئەو شوێنانەی کراوەن، (مۆڵ، مارکێت، شوێنە بازرگانیەکان، بازار، چێشتخانه‌)، پێویستە تەواوی مەرجە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن لەبەستنی (دەمامک، دووری مەودای نێوان هاوڵاتییان، دروست نەکردنی قەرەباڵغی، دانانی هێمای نۆرەی هاوڵاتییان لەسەر زەوی بەتایبەتی لای کاشیرەی مۆڵ و مارکێتەکان و پێشوازی هوتێل و موتێلەکان)، ‌هه‌رشوێنێك ئەم رێنماییانە بەتایبەتی بەستنی(دەمامک)جێبه‌جێنه‌كات، لێژنەی قایمقامیەتەکان، تیمەکانی تەندروستی، شارەوانی، چاودێری بازاڕ، هێزە ئەمنییەکان ڕاسپێردراون، ده‌ستبه‌جێ شوێنەکە دادەخەن.

پێنجەم/ (پێشانگاکانی ئۆتۆمۆبێل، بازاڕە میللیەکان، گۆڕەپانەکانی باڵندە، هاوینە هەوارەکان، شوێنە گەشتیاریی و گەشتیارەکانیان) دەبێت ڕەچاووی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی بکەن و پابەندبن بە بەستنی(دەمامک)، هەرشوێنک پابەند نەبێت، ڕێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

شەشەم/ بۆچاودێریکردن و جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەکۆرۆنا لەشوێنە گشتییەکانی(کۆمەڵگا، قەزا، ناحییەکان)ی سنووری پارێزگای هەولێر، مەفرەزەی گەڕۆک لەهێزە ئەمنیەکان پێکهێنراوە، هەر کەس و لایەنێک پابەند نەبێت ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگێرێتەبەر.

حەوتەم/ هۆشداری دەدەینە سەرجەم شۆفێرانی (تەکسی، تایبەت، پاس، مینی پاس) پابەندی ڕێناماییە تەندروستییەکانبن و خۆیان و سەرنشینەکانیان (دەمامک) ببەستن، هەر کەسێک سەرپێچی لەم بڕیارە بکات، لەلایەن پۆلیسی هاتووچۆ ڕێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر بەپێبژردن و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکەی.

هەشتەم/ ئەم شوێنانە بەداخراوی دەمێنەوە:- (هۆڵه‌كانی بووك گواستنه‌وه، هه‌موو جۆرە گردبوونەوە و کۆنفرانس و کۆبوونەوەیەک).

نۆیەم/ ئەم شوێنانە لەکاتژمێر (12)ی شەو دادەخرێن:- (یانه‌ی شه‌وانه‌، نێرگه‌له‌كێشان، یانه‌كانی مه‌ی خواردنه‌وه‌ (بار)، لایف موزیك، ئاهه‌نگی شه‌وانەی یانەکان)

دەیەم/ (پرسەدانان لە(هۆڵ-ماڵ-ژێرخێوەت)، مەراسیمی سەرقەبران) قەدەغەیە، بنکەی پۆلیس و موختاری گەڕەک بەرپرسیارن، هەرکەسێک پابەندنەبێت، بەپێی بەیانی ژمارە (52)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

یانزدەیەم/ سەرجەم بازگەکانی سنووری پارێزگای هەولێر ئاگادار دەکەینەوە، ڕێگە بەهیچ گروپێکی گەشتییاری و کەسێک نادرێت بەبێ بەستانی (دەمامک) داخڵی سنووری پارێزگای هەولێر بێت، بەپێچەوانەوە ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەر کۆمپانیا گەشتیارییەکان دەگیرێتەبەر.

سێزدەیەم/ سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی فه‌رمانگه‌كان ده‌بێت (ده‌مامك) ببه‌ستن، هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك له‌ كاتی ده‌وام (ده‌مامك)ی نه‌به‌ستابێت رێكاری كارگێری به‌رامبه‌ری ده‌گیرێته‌ به‌ر، هیچ هاوڵاتییه‌ك و موراجعێك بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانییان به‌بێ به‌ستنی (ده‌مامك) بۆی نییه‌ بچێته‌ ناو هیچ فه‌رمانگه‌یه‌ك، بە پێچەوانەوە بەرپرسی فەرمانگەکە ڕوو بەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.



AM:12:11:18/11/2020